رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێ چەند ئاماژەیەک هەن بۆ ئەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە دادگەی ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی بڕیاری دا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدایە، بەو هۆیەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا وەستا.
رۆژی دووشەممە، 24ـی نیسانی 2023، ئاژانسی رۆیتەرز بەبێ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوەکان بکات، رایگەیاند، چەندین سەرچاوە لە ناوخۆی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن لەماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، دەستپێدەکاتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە، 14ـی نیسانی 2023، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، بە رووداوی راگەیاند، "ھەموو زانیارییەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێن، رێکاری تەکنیکی ھەیە و سەرقاڵی ئەوەین لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان چارەسەری بکەین تاوەکو بگەینە ئەنجامێک، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە باسی چەند رۆژێکی کەم دەکەین و وای دەبینم لەدوای جەژندا ھەناردەکردنەوەی نەوت (ـی هەرێمی کوردستان) دەستپێدەکاتەوە".
بەگوێرەی رۆیتەرز تورکیا دەیەوێت پێش ئەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، هەموو ئەو کەیسانەی تایبەت بە نەوتی هەرێمی کوردستانن، کە تائێستا لە دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی یەکلایی نەبوونەتەوە، یەکلایی بکاتەوە، بەڵام ئامادەنەبوونی عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسە، تورکیای نیگەران کردووە.
رۆیتەرز لەسەر زاری سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێت، تورکیا دەیەوێت تاوەکو دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە بڕیارە لە 14ـی ئایاری ئەمساڵ لە تورکیا بەڕێوەبچێت، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دوابخات.
لە 25ـی ئادارى رابردووەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیراوە ئەمەش بەهۆى بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس. دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق لەدژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارەش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا و تورکیا رایگەیاند پابەند دەبێت بە بڕیارەکەوە.
بەر لە راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە، وەزارەتى نەوتى عێراق مانگانە زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتى کێڵگەکانى نەوتى کەرکووکى لە رێگەى ئەو بۆرییەوە هەناردەى بەندەرى جەیهانى تورکیا دەکرد، کە هاوکات نەوتى هەرێمى کوردستانى لێوە هەناردە دەکرا.
راگرتنى هەناردەکردنی نەوتى هەرێمى کوردستان لە ماوەى مانگێکدا 190 ملیۆن دۆلار زیان لە داهاتى گشتیى عێراق و زیاتر لە 12 ملیۆن دۆلار بە کەرکووک دەگەیێنێت، ئەوە سەربارى داهاتى ئەو 378 هەزار بەرمیل نەوتەى رۆژانە هەرێمى کوردستان هەناردەى دەکرد، کە لە 30 رۆژى راگرتنى هەناردەکەیدا زیانى 642 ملیۆن و 978 هەزار دۆلارى بە داهاتی گشتی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، کە بەشێکی زۆری بۆ مووچەی فەرمانبەران تەرخاندەکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ