رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق دەڵێت، لە ماوەی ساڵێکدا حەواڵەی دەرەکی 300٪ زیادبووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار لە رۆژێکدا. دەشڵێت، سزاکانی ئەمریکا کاریگەریی لەسەر حەواڵە و نرخی دینار نەبووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 25-3-2024 عەمار خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بلوومبێرگ رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2023ـدا رۆژانە کەمتر لە 50 ملیۆن دۆلار حەواڵە دەکرا، بەڵام ئێستا رۆژانە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار حەواڵە دەکرێت.
بەگوتەی عەمار خەڵەف، بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئێستا رێژەی حەواڵەی دەرەکی 300٪ زیادبووە.
خەلەف ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە رەنگدانەوەی وەڵامی بانکی ناوەندییە بۆ داواکارییەکانی بازرگانان و هاووڵاتییانی عێراقی کە پێویستیان بە دراوی بیانی هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی مامەڵە دەرەکییەکانیان.
وەک جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، یەدەگی دراوی بیانیی عێراق ئێستا بە زیاتر لە 100 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت و، پێشبینیش دەکەن ئەمساڵ زیاتر ببێت.
عەمار خەلەف باسی لەوەشکرد، سزاکانی ئەمریکا کە بەشێک لە بانکە عێراقییەکانی گرتووەتەوە و رێگرییان لێدەکات لە بەکارهێنانی سیستمی "سویفت"، کاریگەریی لەسەر پرۆسەی حەواڵەی دەرەکی و نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار داناوە.
خەلەف هۆکاری کاریگەرنەبوونەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە قەدەخەی مامەڵەکردن بە دۆلار و بەکارهێنانی سیستمی "سویفت" سەرجەم بانکەکانی عێراقی نەگرتووەتەوە و، کارەکانی حەواڵەی دەرەکی لە رێگەی ئەو بانکانەوە دەکرێن کە قەدەخە نەکراون لە مامەڵەکردن بە دۆلار.
گوتەکانی جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لەکاتێکدایە، سێ رۆژی لەسەریەکە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و 100 دۆلار بە کەمتر لە 150 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
خێرابوونی حەواڵەی دەرەکی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دینار، بەوپێیەی زووتر پارە دەچێتە سەر هەژماری بازرگانان و بۆ دەستکەوتنی دۆلار، روو لە بازاڕ ناکەن، ئەوەش خواستی لەسەر دۆلار کەمکردووەتەوە.
رۆژی دووشەممە، 5-2-2024، بانکی ناوەندیی عێراق لیستێکی نوێی ئەو بانکانەی بڵاوکردەوە، کە بێ بەشکراون لە مامەڵەی دۆلار، لیستەکە ناوی هەشت بانکی نوێی عێراقی و کوردستانیی تێدابوو.
ئەو هەشت بانکە نوێیەی بۆ لیستی بانکە بێ بەشکراوەکان لە دۆلار زیادکراون بریتیبوون لە: بانکی ئاشوور بۆ وەبەرهێنان، بانکی وەبەرهێنانی عێراق، بانکی یەکێتیی عێراق، بانکی ئیسلامیی نێودەوڵەتیی کوردستان، بانکی ئەلهودا، بانکی ئیسلامیی باشوور، بانکی ئیسلامیی عەرەبی و بانکی بازرگانی حامورابی.
گوتەبێژێکی گەنجینەی ئەمریکا لەو بارەیەوە رایگەیاند: "ستایشی رێوشوێنەکانی بانکی ناوەندیی عێراق دەکەین بۆ پاراستنی سیستمی دارایی عێراق لە خراپ بەکارهێنان. ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بانکە یاساییەکانی عێراق بتوانن لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییە داراییەکان پەیوەست بن."
لە مانگی 7ـی ساڵی 2023ـوە لەسەر داوای بەرپرسانی ئەمریکا، بانکی ناوەندیی عێراق 14 بانکی عێراقی لە مامەڵەکردن بە دۆلاری ئەمریکی بێبەش کرد.
بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاندووە؛ ئەو بانکانەی بێبەش دەکرێن لە مامەڵەکردن بە دۆلار، دەتوانن بە دراوی دیکە مامەڵە بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ