عێراق نەوتی کەرکووک بە بۆرییەکدا هەناردە دەکاتەوە کە 10 ساڵە لەکارکەوتووە

25-03-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی نەوتی عێراق سەرقاڵی چاککردنەوەی بۆریی نەوتی کەرکووکە، سەرچاوەیەک لەو وەزارەتە رایگەیاند بەشێکی بۆرییەکە گۆڕدراوە، بەشەکەی دیکەشی چاککراوەتەوە، نۆژەنکردنەوەکە لە تەواوبوون نزیکبووەتەوە و توانای گواستنەوەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا هەیە.
 
بەپێی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق ماوەی زیاتر لە سێ مانگ دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق لە رێگەی چەند تیمێکی هونەرییەوە سەرقاڵی چاککردنەوەی بۆریی نەوتی کەرکووک - جەیهانە کە نەوتی کەرکووک بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەگوازێتەوە.
 
سەرچاوەکە دەشڵێت: "عێراق دەیەوێت لە رێگەی بۆرییەکەی خۆیەوە کە ماوەی 10 ساڵ دەبێت هیچ نەوتێکی پێدا هەناردە ناکات، دەست بە هەناردەی نەوتی کەرکووک بکاتەوە." دەشڵێت: "بەهۆی کۆنتڕۆڵکردنی مووسڵ و شەڕی داعش و کردەوە سەربازییەکانەوە بەشێکی زۆری بۆرییەکە زیانی پێگەیشتبوو."
 
بۆرییە گوێزەرەوەکە لە بنەڕەتدا لە دوو بۆریی پێکدێت و 46 و 40 ئینجین، بۆرییەکە نزیکەی 970 کیلۆمەتر درێژ دەبێت، بەشی زۆری بۆرییەکە کە نزیکەی 660 کیلۆمەتر دەبێت دەکەوێتە نێو خاکی تورکیا، نزیکەی 310 کیلۆمەتریشی دەکەوێتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق.
 
چاککردنەوەی بۆرییەکە نزیکەی یەک مانگی دیکەی دەوێت، نەوت لە بەشێک لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە بەرەو پارێزگای نەینەوا و لەوێوە بەرەو پارێزگای دهۆک دەگوێزێتەوە و پاشان دەچێتە بەندەری جەیهانی تورکیا و لەوێوە بەرەو بازاڕەکانی جیهان. 
 
ماوەی نزیکەی سێ مانگ دەبێت، وەزارەتی نەوتی عێراق لە رێگەی تیمەکانی کۆمپانیای هێڵەکانی بۆرییەکانی نەوتی عێراق و کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە سەرقاڵی چاککردنەوەی بۆرییەکەیە.
 
بەهجەت ئەحمەد، راوێژکاری مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بۆ کاروباری وزە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆرییەکە نۆژەندەکرێتەوە و ماوەیەکی دیکە تەواو دەبێت. ئامانجەکەشی ئەوەیە حکومەتی عێراق دەیەوێت جێگرەوە بۆ بۆری و نەوتی هەرێمی کوردستان بدۆزێتەوە."
 
هۆکارەکەشی ئەوەیە کە "یەک، دەیەوێت لەرووی یاساییەوە خۆی لەژێر باری ئەوە دەربهێندێت، نەوت بە بۆرییەک هەناردە بکات کە موڵکی کۆمپانیای روزنەفت و کۆمپانیای کارە، جگە لەوە عێراق دەیەوێت هەناردەی نەوت زیاد بکات و جێگرەوەی نەوتی کوردستان بدۆزێتەوە."
 
بەهجەت ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا، عێراق نیازی هەیە تاوەکو ساڵی 2027 ئاستی بەهەرمهێنانی نەوتی بگەیەنێتە 7 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، بۆیە بە رای ئەو "پێویستی بە بۆریی نەوتی کەرکووک و زیادکردنی بارکردنی نەوت لە رێگەی بەندەرەکانییەوە لە بەسرەوە دەبێت، کە ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنیانە."
 
بۆریی نەوتی کەرکووک - جەیهان، بەپێی ئەو سەرچاوەیەی لە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە قسەی بۆ رووداو کرد: "پێشتر زیانی بەرکەوتبوو، بەڵام زۆر نەبوو، پێویستی بە چاککردنەوە هەبوو بۆ ئەوەی نەوتی پێدا هەناردە بکرێت."
 
سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کەرکووک بۆ بەندەری جەیهان، ئەو سەرچاوەیە گوتی: "ئەگەری هەیە لە دوو بۆ سێ مانگی داهاتوودا عێراق ئامادە بێت نەوتی کەرکووک هەناردە بکاتەوە، ئەگەر تورکیا ئامادە بێت."
 
لە 25ـی ئادارى 2023ـوە هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا.
 
جگە لە نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، بۆریی نەوتی کوردستان بەشێک لە نەوتی کێڵگەکانی کەرکووکیشی پێ دەگوێزرایەوە، بەڵام لە دوای بڕیارەکەی یانەی نێوبژیوانی پاریس هەناردەکردنی ئەویش هاوشێوەی نەوتی کوردستان راگیرا.
 
25ـی ئادارى 2024، وەزارەتى نەوتى عێراق روونکردنەوەیەکى 11 خاڵیی لەبارەى پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتى هەرێمى کوردستان، گرێبەست و شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى نەوت و بەربەستەکانى بەردەم دەستپێکردنەوەى ئەو هەناردەکردنەوەیە بڵاوکردەوە.
 
وەزارەتى نەوت راگەیێندراوەکەى ئەپیکور بە "دەستوەردانێکى ناڕەوا" لە کاروبارى سەروەریى ناوخۆ و دەرەکیی عێراق دەزانێت کە "پەیوەندار نییە بە کارى کۆمپانیاکانەوە، ئەوەش پێشێلکارییەکى دیکەى ئەو کۆمەڵە و ئەو کۆمپانیایانەیە و لەگەڵ بنەماکانى نیەتپاکى و کارى وەبەرهێنانى بیانى ناگونجێت."
 
بۆریی نەوتی کەرکووک - جەیهان، لە دوو بۆریی 40 و 46 ئینجی پێکدێت لەساڵی 1977 و 1978 بەدوای یەکدا کراونەتەوە، پێشتر بڕی 300 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی پێ هەناردە دەکرا، بەڵام لە دوای ساڵی 2003ـیەوە رووبەڕووی کاری تێکدەرانە بووەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە