لە کاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە 147 هەزار و 500 دینارە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار لە بەرزیدا جێگیرە و 100 دۆلار لەکاتی داخستنی بازاڕدا بە 147 هەزار و 500 دینارە.
لە مامەڵەکانی ئەمڕۆدا نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 146 هەزار و 450 دینار مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام لەکاتی داخستندا گەیشتەوە ئاستی 147 هەزار دینار.
ئەمڕۆ دووشەممە 25ی ئادار، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی داخستنی بازاڕدا، 100 دۆلار بە 147 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
بەگوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو، لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 147 هەزار و 200 دینار بووە.
هاوکات، لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانیش، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەدا 100 دۆلار بە 147 هەزار و 250 دینار و، لەکاتی داخستنیشدا بە 147 هەزار و 200 دینار بووە.
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی دینارە بەرامبەر بە دۆلار لە ماوەی نزیکەی 10 مانگی رابردوودا.
بە بڕوای حاجی سابیر، رەنگە بەرزترین ئاست کە نرخی دینار تێیدا جێگیر بێت، 146 هەزار دینارە بەرامبەر بە 100 دۆلار. هەروەها هەرچەندە ئەگەر هەیە وەک ئەمڕۆ بەرزبوونەوەیەکی لەناکاو بکات، بەڵام بە جێگیری لە خوار 146 هەزار بۆ 145 هەزار دینار نامێنێتەوە.
رۆژی هەینی، 22-3-2024، کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی 15-4-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات.
وەک کۆشکی سپی دەڵێت، سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی چاکسازییەکانی بواری ئابووریی عێراق دەکەن.
هاوکات، جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بۆ رووداو دەڵێت، هەموو سەرنجەکان لەسەر سەردانەکەی سوودانین و سەرەڕای ئەوەی یەکێک لە پرسەکان دۆخی دارایی عێراق و دۆلار دەبێت، ئەگەر پێشڤەچوون هەبێت، سەرجەم تەوەرەکانی دیکەش لە بەرژەوەندیی دیناری عێراقی دەبن، لەوانە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، بەرەوپێشچوونی سیستمی بانکیی عێراق و سەربەخۆیی کەرتی وزە.
وەک جەبار گۆران دەڵێت، ئێستا لە عێراق دوو بانک بە سیستمی سویفتی جیهانی بەستراونەتەوە و حەواڵەیان بە سیستمی جیهانی پێوە دەکرێت، بەڵام دەکرێت لە کۆبوونەوەکەی سوودانی و بایدن، گفتوگۆ لەبارەی بەستنەوەی بانکی زیاتری عێراقی بەو سیستمەوە بکرێت.
گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکە گوتیشی: "ئەگەر گفتوگۆکان هەموو بە ئاراستەی پێشڤەچوون بن، رەنگە بەهای دینار زیاتر بەرزبێتەوە و 100 دۆلار تاوەکو ئاستی نزیکەی 140 هەزار دیناریش دابەزێت."
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلاری دەفرۆشێت، کە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەدات، بەڵام بۆ پێدانی دۆلار بەو نرخە مەرجی زۆرە و زۆرینەی پارەکەش بۆ حەواڵەیە و نایەتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە.