وەزارەتى نەوتی عێراق هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەخاتە ئەستۆی کۆمپانیا نەوتییەکان
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى نەوت عێراق دەڵێت، مەرجى کۆمپانیاکانى نەوت بۆ شایستە داراییەکانیان بەربەستى بەردەم دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستانە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێت ئەو کۆمپانیایانە دۆخى خۆیان لەگەڵ دەستوور و یاساکانى عێراق بگونجێنن.
25ـی ئادارى 2024، وەزارەتى نەوتى عێراق روونکردنەوەیەکى 11 خاڵى لەبارەى پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتى هەرێمى کوردستان، گرێبەست و شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى نەوت و بەربەستەکانى بەردەم دەستپێکردنەوەى ئەو هەناردەکردنەوەیە بڵاوکردەوە.
وەزارەتى نەوتی عێراق دەڵێت، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى تورکیاوە لەسەر بنەماى بڕیارى عێراقى فیدراڵ نەبووە و دواى شەش مانگ لە دانوستاندنیش عێراق و تورکیا گەیشتنە ئەو رێککەوتنەى ئەو هێڵەى نەوتەکەى پێدا هەناردە دەکرا، بخرێتەوەکار و دەڵێت، "حکومەتى فیدراڵ زەرەرمەندى یەکەمە لە راگرتنى ئەو هەناردەیە، بەهۆى چەند هۆکارێک کە پەیوەندیدارن بە سیاسەتى سیادیی نەوتەوە."
ئەو روونکردنەوەیەی وەزارەتى نەوت لە وەڵامى راپۆرتێکى کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکور بوو، کە 23ـی ئادار بڵاویکردەوە لەبارەی زیان و گفتوگۆکانی تایبەت بە راگرتن و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، راگرتنەکە لەماوەی ساڵێکدا 11 ملیار دۆلار زیانی لە عێراق داوە.
وەزارەتى نەوت راگەیێندراوەکەى ئەپیکور بە "دەستوەردانێکى ناڕەوا" لە کاروبارى سەروەریى ناوخۆ و دەرەکیی عێراق دەزانێت کە "پەیوەندار نییە بە کارى کۆمپانیاکانەوە، ئەوەش پێشێلکارییەکى دیکەى ئەو کۆمەڵە و ئەو کۆمپانیایانەیە و لەگەڵ بنەماکانى نیەتپاکى و کارى وەبەرهێنانى بیانى ناگونجێت."
ئەو وەزارەتە رایگەیاندووە، ئێستا گرنگترین هۆکارى بەردەم هەناردەنەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان ئەوەیە، کۆمپانیا بیانییەکان کە لە هەرێمى کوردستان کاردەکەن رێگرن لەوەى بە فەرمى نەوتە بەرهەمهێندراوەکەیان رادەستى حکومەتى هەرێمى کوردستان بکەن بۆ ئەوەى بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتى فیدراڵى هەناردە بکرێتەوە، بەو کۆمپانیایانەشەوە کە بەشێکن لە ئەپیکور.
ئەو وەزارەتە ئاماژەى بەوە داوە؛ ئەگەر ئەو کۆمپانیایانە نەوتى بەرهەمهێندراویان لە کێڵگەکانى هەرێمى کوردستان بەگوێرەى یاسا رادەست بکەن، دەتوانرێت لە ماوەیەکى کەمدا هەناردەکردنەوەى نەوت دەستپێبکرێتەوە.
لە 25ـی ئادارى 2023ـوە هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا.
وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند، پێشتر ئەو وەزارەتە و حکومەتى فیدراڵى "هەوڵى زۆریان" دا بۆ لابردنى بەربەستەکان و گەیشتن بە رێککەوتن بۆ هەناردەکردنەوەى نەوت و لە چەندین نووسراو و داواکارى فەرمى و کۆبوونەوە و بڕیاردا ئەو بابەتە روونکراوەتەوە.
ئەو وەزارەتە دەڵێت، "لە 18ـی ئادارى 2024 نووسراوێکمان بڵاوکردەوە لەبارەى گرنگیی رادەستکردنى نەوتى بەرهەمهێندراوى هەرێمى کوردستان بۆ هەناردەکردنەوەى و وەزارەتى نەوت رژدە لەسەر دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت لەرێگەى هێڵى تورکیاوە لە زووترین کاتدا لەگەڵ پابەندبوون بە دەستوور و یاسا."
بەگوێرە یاساى بودجەى گشتیى عێراق، دەبێت رۆژانە هەرێمى کوردستان 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى حکومەتى فیدراڵیی عێراق بکات بۆ ئەوەى هەناردە بکرێت، ئەگەر نەشکرا ئەو بڕە نەوتە بۆ بەکارهێنانى نێوخۆیی دەبێت.
وەزارەتى نەوت ئاماژەى بەوە داوە؛ لە نووسراوە فەرمییەکانیاندا ئاماژەیان بە راپۆرتى رێکخراوى ئۆپێک داوە بەوەى، لە هەرێمى کوردستان بەرهەمى نەوتى بە بڕى 200 بۆ 250 هەزار بەرمیلى رۆژانە هەیە بێ ئەوەى وەزارەتى نەوت ئاگادار بێت، یان لەبارەى ئەو بەرهەمهێنانەوە رەزامەند بێت و دەڵێت، "پابەندنەبوون بە سیاسەتى گشتى نەوتیى پەیڕەوکراو لەلایەن حکومەتى فیدراڵییەوە، ناو و ناوبانگى عێراق و پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانى رووبەڕووى مەترسى دەکاتەوە."
لە بەشێکى دیکەى راگەیێندراوەکەدا هاتووە، گرێبەستى نێوان کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان بێ رەزامەندیی حکومەتى فیدراڵی و وەزارەتى نەوت بووە و ئەو گرێبەستانە "بنەماى دەستوورى و یاسایی دروستیان نییە."
وەزارەتى نەوت ئاماژەى بەوە داوە کە پێشتر داوایان لە حکومەتى هەرێمى کوردستان و کۆمپانیاکانى نەوت کردووە کۆپییەکى تەواوى گرێبەستى نێوانیان پێبدەن بۆ ئەوەى وردبینیی تێدا بکەن و بگەن بە گرێبەستى نوێ، کە هاوتاى دەستوور و یاسا بێت، بەڵام هێشتا ئەو گرێبەستانەیان رادەست نەکراوە و دەڵێت، "چۆن دەبێت داوا لە وەزارەتى نەوت بکرێت کە پابەند بێت بە گرێبەستێک کە هێشتا نەیبینیوە."
15ـی شوباتى 2022، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاری دا یاساى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان بە نادەستوورى لە قەڵەم بدات کە لە ساڵى 2007 لە پەرلەمانى کوردستان پەسندکرا، ئەوە جگە لە ناچارکردنى هەرێمى کوردستان بە رادەستکردنى بەرهەمى نەوتى بە حکومەتى فیدراڵیی عێراق.
وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاندووە، بەگوێرەى یاسای بودجە، تێچووى بەرهەمهێنانى یەک بەرمیل نەوت بەگوێرەى گرێبەستەکانى وەزارەتەکەى 6.9 دۆلارە بۆ یەک بەرمیل، لەکاتێکدا کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى نەوت لە هەرێمى کوردستان داواى سێ ئەوەندە دەکەن، ئەوە جگە لە کرێى گواستنەوە کە بە گوتەى ئەو وەزارەتە "زێدەڕۆیی" تێدا کراوە و ئەوەش کراوە بە یەکێکە لە مەرجەکانى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت.
لە بەشێکى دیکەى راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەوەى وایکردووە پەرلەمانی عێراق پشت بە تێکڕاى تێچووى بەرهەمهێنانى نەوتى وەزارەتى نەوت ببەستێت ئەوەیە؛ پەرلەمان و هیچ دامەزراوەیەکى دیکەى فیدراڵى گرێبەستەکانى نەوتى هەرێمى کوردستانیان نەبینیوە، ئەوە جگە لەوەى کە ئەو تێچووەى کۆمپانیاکان داواى دەکەن قەرزەکانى پێشووى لەگەڵدایە کە ملیاران دۆلارە و ئەو بڕە پارەیەش لاى حکومەتى فیدراڵى روون نییە و، "لەگەڵ دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان ناگونجێت."
لە یاسای بودجەى گشتیى عێراقدا کە بۆ سێ ساڵە، هاتووە شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان بەگوێرەى ئەو پێوەرانە دەبن، کە وەزارەتى نەوتى فیدراڵ کاریان پێ دەکات.
وەزارەتى نەوت ئاماژەى بەوە داوە کە پێشتر رایگەیاندووە، ئامادەن دەستبەجێ هەناردەى نەوت دەستپێبکەنەوە، بەڵام کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمى کوردستان بەردەوامن لە رێگرى تاوەکو مەرجەکانیان جێبەجێدەکرێن و وەزارەتەکەش ئەو مەرجانەى بە "پێچەوانەى یاسا" ناوبردووە و دەڵێت، "لەهیچ بارێکدا ئەوە قبووڵ ناکەین."
لە بەشێکى دیکەى راگەیێندراوەکەدا هاتووە، حکومەتى فیدراڵى چەند جارێک لەگەڵ نوێنەرى کۆمپانیاکانى نەوت کۆبووەتەوە کە لە هەرێمى کوردستان کاردەکەن بۆ ئەوەى بگەنە چارەسەرێکى یاسایی پەسند و وەزارەتى نەوتیش دواى ئەو کۆمپانیایانەی کردووە کە دانوستاندن بکەن بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێکى گونجاو و رێوشوێنە دادوەرییە بەردەوامەکانیشی دژى ئەو کۆمپانیایانە راگرتووە بۆ ئەوەى دەرفەت بڕەخسێنن بگەنە چارەسەرێکى گونجاو، بەڵام هەڵوێستى کۆمپانیاکانى نەوت "بێ نەرمى نواندن و گۆڕانکارى ماونەتەوە."
وەزارەتى نەوت جەخت لەوە دەکاتەوە؛ پابەندە بەوەى هەموو هەوڵێک بدات بۆ چارەسەرى ناکۆکییەکان و هەناردەکردنەوەى نەوت لە رێگەى بۆرى عێراقى و تورکیا کە بگونجێت لەگەڵ دەستوور و یاسا و دەبێت کۆمپانیا بیانییەکان کە دەیانەوێت لە عێراق کاربکەن، رێز لە سەروەریى وڵات، یاساکەی و بڕیارى دادگەکانى بگرن و دۆخى خۆیانى لەگەڵ بگونجێنن، لەبرى دەستوەردان لە پرسەکانى تایبەت بە سەروەرى و سیاسەتى دەرەوەى عێراق.
دەقى روونکردنەوەى وەزارەتى نەوتى عێراق:
وەزارەتى نەوتى فیدراڵى راگەیێندراوێکى ئەو لایەنەى بەرچاوکەوتووە کە ناوى لەخۆى ناوە کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان - ئەپیکور کە لە 23-3-2024 بڵاوکراوەتەوە و چەندین هەڵە و شێواندنى راستى تێدابووە. بەو هۆیەوە وەزارەت دەیەوێت چەند روونکردنەوەیەک بدات:
1- راگرتنى هەناردەى نەوت لە رێگەى بۆریی نەوتى عێراق - تورکیا لە ئادارى 2023، بەهۆى بڕیارێکى تورکیاوە بوو لەسەر بنەمای بڕیارێکى دادگەى نێوبژیوانیی نێودەوڵەتى لە ژوورى بازرگانیى پاریس لە بەرژەوەندیى عێراق. ئەو راگرتنە بۆ تەنیا رۆژێکیش لە ئەنجامى بڕیاری عێراقى فیدراڵی نەبووە. دواى تێپەڕبوونى شەش مانگ و دانوستاندنى گرنگ کە وەزارەتى نەوت لەگەڵ لایەنى تورکیا ئەنجامی دا، هەردوولا گەیشتنە ئەوەى ئەو هێڵەى نەوتەکەى پێدا هەناردە دەکرا، بخرێتەوەکار و لە زووترین کاتدا کێشە تەکنیکییەکان چارەسەر بکرێن کە لە ئەنجامی داخستنى ئەو هێڵەوە دروست ببوون. حکومەتى فیدراڵ زەرەرمەندى یەکەمە لە راگرتنى ئەو هەناردەیەی نەوت.
2- گرنگترین هۆکارى ئێستاى راگرتنى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان ئەوەیە؛ کۆمپانیا بیانییەکان کە لە هەرێمى کوردستان کار دەکەن، رێگرن لەوەى بە فەرمى بەرهەمەکەیان رادەستى حکومەتى هەرێمى کوردستان بکەن بۆ ئەوەى بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتى فیدراڵى نەوتەکە هەناردە بکرێت، کە یاسایەکى کارایە، بەو کۆمپانیایانەشەوە کە بەشێک لە کۆمەڵەیەى کە پێشتر باسکرا (ئەپیکور) پێکدەهێنن. ئەگەر ئەو کۆمپانیایانە نەوتى بەرهەمهێندراویان لە کێڵگەکانى هەرێمى کوردستان بەگوێرەى یاسا رادەست بکەن، دەتواندرێت لەماوەیەکى کورتدا هەناردەکردنەوەى نەوت دەستپێبکرێتەوە.
3 - پێشتر حکومەتى فیدراڵى و وەزارەتى نەوت هەوڵى زۆریان دا بۆ لابردنى هەموو بەربەستەکان و گەیشتن بە هەناردەکردنەوەى نەوت وەک ئەوەى لە ژمارەیەکى زۆر نووسراو، داواکاریى فەرمى، کۆبوونەوە و بڕیارە پەیوەندارەکاندا لە ماوەى ساڵێکى تەواودا روونکراوەتەوە کە دواترینیان نووسراوێکمان بوو بە ژمارە (480) لە 18ـی ئادارى 2024 دەرکرا و لە نێوەڕۆکەکەیدا باس لە گرنگیى رادەستکردنى نەوتى بەرهەمهێندراوى هەرێمى کوردستان کرا بەمەبەستى هەناردەکرنەوەى. وەزارەتى نەوت رژدە لەسەر دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت لەرێگەى هێڵى عێراق - تورکیا لە زووترین کاتدا بە جۆرێک کە هاوتەریب بێت بە دەستوور و یاسا.
4 - لە نووسراوە فەرمییەکاندا کە لە وەزارەتى نەوت دەرکراون، ئاماژە بە راپۆرتەکانى رێکخراوى ئۆپێک و سەرچاوەى لاوەکى نێودەوڵەتى کراوە کە ئەوە دەسەلمێنن لە هەرێمى کوردستاندا بەرهەمى نەوت بە بڕى 200 بۆ 250 هەزار بەرمیلى رۆژانە هەیە، بێ ئاگادارى و رەزامەندیی وەزارەتی نەوت. پابەندنەبوون بە سیاسەتى گشتیى پەیڕەوکراوی نەوت لەلایەن حکومەتى فیدراڵییەوە، ناو و ناوبانگى عێراق و پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانى رووبەڕووى مەترسى دەکاتەوە. ئەو لایەنانەش کە بەرپرسیارن لەو پێشێلکارییانە، سەرجەم دەرهاویشتە یاساییەکانى دەگرنە ئەستۆ.
5- گرێبەستەکانى نێوان کۆمپانیاکانى نەوت کە لە هەرێمى کوردستان کاردەکەن لەگەڵ وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان بەهیچ شێوەیەک لەلایەن حکومەتى فیدراڵی و وەزارەتى نەوت دانیان پێدا نەنراوە، بەهۆى ئەوەى ئەو گرێبەستانە بنەماى دەستوورى و یاسایی دروستیان نییە. هەر ئەوەش هەڵوێستى حکومەتە یەک لەدواى یەکەکان و وەزارەتى نەوت بووە لە ماوەى زیاتر لە دەیەیەکدا. ئەوە هاوتایە لەگەڵ بڕیارى دادگەى فیدراڵى ژمارە 15/ فیدراڵى/2012 و 110/ فیدراڵى/2019 لە 15ـی شوباتى 2022. هیچ دەرفەتێک نەماوە جگە لە پابەندبوون، ئەوەش دواى ئەوەى دادگەى فیدراڵى بڕیارى دەرکرد کە بۆ هەموو دەسەڵاتەکان مایەى پابەندبوونە.
6- پێشتر وەزارەتى نەوت داواى لە حکومەتى هەرێمى کوردستان و کۆمپانیاکانى نەوت کە لە هەرێمى کوردستان کاردەکەن، کرد کۆپیەکى تەواوى هەموو گرێبەستەکانیان رادەست بکات بۆ ئەوەى لێى بکۆڵنەوە و بگەن بە گرێبەستى نوێ کە هاوتاى دەستوور و یاسا و باشترین سیاسەت بێت کە وەزارەتى نەوت لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانى جیهان پەیڕەوی دەکای، بەڵام تائێستا ئەو گرێبەستانە رادەست نەکراون. چۆن دەگونجێت داوا لە وەزارەتى نەوت بکرێت پابەند بێت بە گرێبەستێک کە هێشتا نەیبینیوە و دانى پێدا نانێت و وەک بنەما ناکۆکە لەگەڵ ئەو بڕیارانەى دادگە کە بۆ هەموو لایەک جێگەى پابەندبوونە.
7- یاسای بودجەى گشتى ژمارە 13ـی ساڵى 2023 دەرچووە و لە 1/1/2023 چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە. بەگوێرەى مادەى 12/دووەم /ج) لەو یاسایە ئاماژە بەوە دراوە کە تێچووى بەرهەمهێنانى یەک بەرمیل نەوت و گواستنەوەى هاوتایە لەگەڵ بڕی ئەو پارەیەى کە وەزارەتى نەوت لەگرێبەستەکانیدا دەیدات، کە تێکڕاى تێچووى بەرهەمهێنانى نەوت 6.9 دۆلارە بۆ یەک بەرمیل، لەکاتێکدا کۆمپانیاکان کە لە هەرێمى کوردستان کاردەکەن داواى سێ ئەوەندەى ئەو پارەیە دەکەن، ئەوە جگە لە کرێى گواستنەوە کە زێدەڕۆیی تێدا کراوە. ئەوە یەکێکە لە مەرجەکانى رادەستکردنى نەوتى بەرهەمهێندراو. ئەوەى وایکرد پەرلەمان پشت بە تێکڕاى تێچووى بەرهەمهێنانى نەوتى وەزارەتى نەوت ببەستێت ئەوەیە کە پەرلەمان و هیچ دامەزراوەیەکى دیکەى فیدراڵى گرێبەستەکانى نەوتى هەرێمى کوردستانیان نەبینیوە، ئەوە جگە لەوەى ئەو تێچووەى کۆمپانیاکان داواى دەکەن قەرزەکانى پێشوویان دەگرێتەوە کە ملیاران دۆلارە و ئەو بڕە پارەیەش لاى حکومەتى فیدراڵى روون نییە و لەگەڵ بنەماکانی قەرز ناگونجێن، بەگوێرەى دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان.
8 - پێشتر چەندینجار ئەوە روونکراوەتەوە کە وەزارەتى نەوت ناتوانێت یاساى بودجە و یاساکانى دیکە پێشێل بکات کە کاران، ئەوە جگە لە بەدیکردنى ئەوەى تێچووى کۆمپانیاکان زێدەڕۆیی تێدا کراوە. پێشتر وەزارەتى نەوت بەشێوەیەکى فەرمى جەختى لەوە کردووەتەوە کە دەستبەجێ دەست بە هەناردەى نەوت دەکاتەوە لە رێگەى هێڵى عێراق- تورکیا هاوتەریب لەگەڵ دانوستاندن بۆ ئەوەى بگەنە رێگەچارەیەکى گشتگیر و پەسند کە بەرژەوەندى گشتى بهێنێتە دى، بەڵام کۆمپانیاکان بەردەوامن لە رێگرى تاوەکو مەرجەکانیان جێبەجێ دەکرێن کە پێچەوانەى یاسان و ئەوە لەهیچ بارێک لە بارەکاندا مایەى قبووڵکردن نییە.
9- پێشتر حکومەتى فیدراڵیى عێراق لە بەرزترین ئاستدا پێشوازى لە نوێنەرانى کۆمپانیاکانى نەوت کردووە کە لە هەرێمى کوردستان کاردەکەن، ئەوەش وەک نیەت پاکییەک بە ئامانجى دۆزینەوەى چارەسەرى یاسایی پەسند. هەروەها پێشتر وەزارەتى نەوت دواى لەو کۆمپانیایانە کرد دانوستاندن بکەن بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێکى گونجاو و دادپەروەرانە و هەروەها رێوشوێنە دادگاییە بەردەوامەکانیشی دژى ئەو کۆمپانیایانە راگرت بۆ ئەوەى دەرفەت بڕەخسێنێت تاوەکو بگەنە چارەسەرێکى پەسند، بەڵام هەڵوێستى کۆمپانیاکانى نەوت بێ نەرمى نواندن و گۆڕانکارى مایەوە.
10- راگەیێندراوى ئەو کۆمەڵەیەى پێشتر باسکرا، دەستوەردانێکى ناڕەوایە لە کاروبارى سەروەریى نێوخۆ و دەرەکى کە پەیوەندى نییە بە کارى کۆمپانیاکانەوە و ئەوەش پێشێلکارییەکى دیکەى ئەو کۆمەڵەیە و ئەو کۆمپانیایانە تۆمار دەکات کە نوێنەرایەتییان دەکات و لەگەڵ بنەماکانى نیەتپاکى و کارى وەبەرهێنانى بیانى ناگونجێت.
11- وەزارەتى نەوتى فیدراڵى بە رێنمایی حکومەتى فیدراڵى پابەندە بەوەى هەموو هەوڵێک بدات کە بتوانێت بۆ چارەسەرى ناکۆکییەکان و هەناردەکردنەوەى نەوت لە رێگەى بۆرى عێراق- تورکیا بەشێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ دەستوور و یاسا. ئەو کۆمپانیا بیانییانەى کە دەیانەوێت لە عێراق کار بکەن، دەبێت رێز لە سەروەریى وڵات و یاسا و بڕیارى داگەکانى بگرن و بەگوێرەى ئەوە دۆخى خۆیانى لەگەڵ بگونجێنن، لەبرى دەستوەردان لە پرسەکانى تایبەت بە سەروەرى و سیاسەتى دەرەوەى عێراق.