رووسیا بیر لەوە دەکاتەوە بە بیتکۆین مامەڵە بە وزەی وڵاتەکەیەوە بکات

25-03-2022
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی پەرلەمانی رووسیا دەڵێت، رووسیا بیر لەوە دەکاتەوە بە بیتکۆین مامەڵە بکات لە هەناردەی نەوت و گازی وڵاتەکەیدا.
 
پاڤێڵ زاڤاڵنی، سەرۆکی لیژنەی وزە لە پەرلەمانی رووسیا دەڵێت، وڵاتەکە بیر لە رێگەی جێگرەوە بۆ وەرگرتنی پارەی نەوت و گاز دەکاتەوە و، ئەگەر هەیە لەگەڵ وڵاتانی دۆستدا، رێگە بدرێت بە دراوی ئەلیکترۆنی یاخود دراوی نێوخۆیی وڵاتەکانیان پارەی نەوت و گازی رووسیا بدەن.
 
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا هەفتەی رابردوو رایگەیاند، لەمەودوا لەگەڵ "وڵاتانی نەیار"ـدا مامەڵە بە دۆلار قبووڵناکەن و تەنیا رۆبڵی رووسی قبووڵدەکەن.
 
مەبەست لە هەنگاوەکەی پووتین بەرزکردنەوەی بەهای رۆبڵە، کە لە ئەمساڵدا 20%ـی بەهاکەی لەدەستداوە، چونکە سزاکانی ئەمریکا و ئەوروپا کاریگەریی زۆریان خستووەتەسەر رۆبڵی رووسی و ژیان و گوزەرانی رووسییەکانیان سەختکردووە، بەڵام هێشتا رووسیا گەورەترین هەناردەکاری گاز و دووەم گەورەترین هەناردەکاری نەوتە لەسەر ئاستی جیهاندا.
 
سەرۆکی لیژنەی وزە ئاماژە بەوەشدەکات، هەریەک لە چین و تورکیا لەنێو وڵاتانی دۆستی رووسیان کە سزایان بەسەر رووسیادا نەسەپاندووە.
 
زاڤاڵنی دەڵێت، "ماوەیەکی زۆرە پێشنیازی مامەڵەکردن بە رۆبڵ و یوانمان بۆ چین و، رۆبڵ و لیرەمان لەگەڵ تورکیا کردووە. "دەتوانین مامەڵە بە بیتکۆینیش بکەیت."
 
دێڤد برۆدستۆک، توێژەر لە ئینستیتیوتی توێژینەوەکانی وزەی سەنگافورە ئاماژە بەوە دەکات، "رووسیا زۆر بەخێرایی هەست بە کاریگەریی سزاکان دەکات". دەشڵێت، "پێویستە بە چەند رێگەیەک ئابووریی [رووسیا] ببووژێندرێتەوە، بیتکۆینیش وەک سامانێکی بەبەها لەو رووەوە سەیردەکرێت."
 
لە ئەمساڵدا بەهای بیتکۆین بە رێژەی 30% بەرزبووەتەوە.
 
بەم هۆیەوە، هەریەک لە حکومەتەکانی  ئۆکراینا، سیاسەتمەدارانی ئەمریکا و ئەوروپا داوایان لە پلاتفۆڕمەکانی دراوە ئەلیکترۆنییەکان کردووە سەرجەم بەکارهێنەرانی رووسی بان بکەن. 
 
بەهۆی هێرشی سەر ئۆکرایناوە، رۆژئاوا و ئەمریکا کۆمەڵێک سزای ئابوورییان بەسەر رووسیادا سەپاندووە. بەهۆی سزاکانەوە هەر زوو بەهای رۆبڵی رووسی 10%ـی بەهاکەی لەدەستدا و 117 رۆبڵ بەرامبەر بە دۆلارێک بوو.
 
لەماوەی دواییدا، مۆسکۆ کۆمەڵێک رێوشوێنی گرتەبەر بۆ رزگارکردنی رۆبڵ لە داڕمان، بەوەش بەهای رۆبڵ کەمێک بەرزبووەوە. چەند رۆژێک لەمەوبەر، بانبکی ناوەندیی رووسیا رایگەیاند، نیازی هەیە دەیەوێت سەنەدە سیادییەکان بە دراوی رۆبڵ بکڕێت.
 
دوایین رێوشوێنی رووسیا بۆ بەرزکردنەوەی بەهای رۆبڵ، بڕیارەکەی رۆژی چوارشەممەی پووتین بوو کاتێک رایگەیاند، لەگەڵ "وڵاتانی نەیار" تەنیا بە رۆبڵ مامەڵە دەکەن. 
 
بڕیارەکەی پووتین هەر زوو کاریگەریی لەسەر رۆبڵ جێهێشت و بەهای دراوەکە بۆ 96.75 رۆبڵ بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە. بەیانیی ئەمڕۆ هەینیش جارێکی دیکە بەهای رۆبڵ دابەزی و یەک دۆلار بە 102 رۆبڵ بوو. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە