تورکیا دەروازەی سنووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان داناخات

رووداو - هەولێر 

وەزیری بازرگانیی تورکیا دەڵێت، دەروازەی خابوور کە مەبەست لێی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیلە داناخەن و دەشڵێت، پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
 
وەزیری بازرگانیی تورکیا رایگەیاند، ئەوان لەڕێگەی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیلەوە لەسەر ناردنی کەلوپەلەکانیان بەردەوامن، بەڵام دەست لەو رێکارانە هەڵناگرن کە لە چوارچێوەی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا گرتوویانەتە بەر.
 
روخسار پەکجان،  وەزیری بازرگانیی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەر رایگەیاند، هەناردەکردنی کەلوپەل و کاڵا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لەڕێگەی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیلەوە بەشێوەی ئاڵوگۆڕی کۆنتەینەر دەبێت.
 
وەزیری بازرگانیی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان هەوڵ دەدەن بەبێ وەستان کەلوپەلەکان لەو دەروازە سنوورییەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بگوازرێنەوە، بەڵام ڕەچاوی تەندروستیی شۆفێرەکانیش دەکەن.
 
هەروەها پێشتر پەکجان رایگەیاندبوو کە بازرگانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان راناگرن.