ئابووری

رۆژی 24ـی شوباتى 2025 ئەنجامى بنەڕەتیی سەرژمێریى گشتیى دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان، رێژەی بێکاری، هەژاری، داهاتی تاک و خێزانیی تێدا نییە و، ئەوانە لە رووپێویی تایبەت دا بە دیار دەکەون.
رۆژی دووشەممە (24ـی شوباتى 2025) ئەنجامى بنەڕەتیی سەرژمێریى گشتیى دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە. بەڵام رێژەی هەژاری و بێکاری تێدا نەبوو.
سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەو سەرژمێرییانە، رێژە و ژمارەی بێکاری و هەژاری دەرناکەون، ئەمە رووپێویی تایبەتی خۆی هەیە."
سیروان محەممەد روونیکردەوە، لە سەرژمێریی گشتیی دانیشتوواندا فۆرمێک دروستدەکرێت و کاری لەسەر دەکرێت بۆ وەرگرتنی داتای گشتی و ئەنجامەکەی تایبەتە بە دیمۆگرافیا و تەندروستی، پەروەردە و بابەتی دیکە، "بەڵام ئەگەر باسی رێژەی هەژاری و بێکاری بکەین، رووپێویی تایبەتی دیکەی دەوێت، ئەویش کراون و خوازیارین بەم نزیکانە ئەنجامەکەی رابگەیێنین."
سەبارەت بە داهاتی تاک و خێزانیش کە لە ئەنجامی سەرژمێرییەکەدا نەبوو، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان گوتی، داهات تاک و خێران گرنگن، بەڵام ئەوەش دەکەوێتە چوارچێوەی رووپێوییە تایبەتەکان، هەرچەندە کاتێک پرسیار لە تاک و خێزان بکەی لەبارەی داهاتەوە، رەنگە وەڵامێکی ناڕاستەوخۆت پێبدات، "بۆیە لە رووپێوەکانمان دا جەخت لەسەر خەرجی دەکەینەوە، تاوەکو بزانین خەرجیی تاک و خێزان چەندە، لەسەر بنەمای خەرجیی خێزان و تاک، ئێمە هێڵ و رێژەی هەژاری دەردەکەین."
سیراون محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرژمێرییەکەدا پرسیاری خەرجیی تاک و خێزانیش لە فۆرمەکەدا نەبووە، زیاتر پرسیارەکان لەبارەی کار بووە، "ئایا لە سێکتەری حکومی یاخود تایبەت کاردەکات؟ جۆری کارەکەی چییە؟" ئەوانەی دیکە دەکەوێتە رووپێویی تایبەت و دەبێت پرسیاری وردتریان لێبکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ