26 پەرلەمانتاری عێراق داوای سێ مووچەی 2023ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەکەن

25-02-2024
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ 25 پەرلەمانتاری دیکەی عێراق، داوای سێ مووچە نەدراوەکەی ساڵی 2023ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە.

رۆژی یەکشەممە، 25-02-2024، سۆران عومەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "یاداشتێکم داوەتە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە 25 پەرلەمانتاری دیکەی عێراق پاڵپشتییان کردووە و داوای سێ مووچە نەدراوەکەی ساڵی 2023ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانمان کردووە." گوتیشی "خەڵکی هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی داوای مووچەی نەدراوی بکاتەوە."
 
لە نووسراوەکەدا، پەرلەمانتارەکان نووسیویانە، لە بڕیاری دادگەی فیدراڵی رۆژی (21-02-2024)، لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی لە نێوەڕۆکی بڕیارەکەدا کە خوێندیەوە دەڵێت "ئەگەر هەرێم پابەند نەبوو بە بڕگەکانی (أ، ب، ج، د) لە بڕگەی دووەمی مادەی (12) لە یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، پێویستە خەڵکی کوردستان بێبەش نەکرێت لە قووتی رۆژانە و سەرچاوەی بژێوی."

 

ئەو پەرلەمانتارانە دەڵێن "پاڵپشت بەم بڕیارەی دادگەی فیدراڵی کە مووچەی سێ مانگی مووچەخۆران و خانەنشینانی هەرێم (ی کوردستان) لە ساڵی2023 نەدراوە، داواکارین ئەو مووچە نەدراوانە بدرێنەوە بە خەڵکی کوردستان، بۆ هەرمانگێک (618 ملیار دینار لەگەڵ 320 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان) مووچە نەدراوەکانی بە هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێم پێ دەگەڕێنرێتەوە."

 

 
تاوەکو ئەو کاتەی هەمواری یاسای بودجە تەواو دەکرێت، حکومەتی عێراق مانگانە بەردەوام دەبێت لە ناردنی 618 ملیار دینار وەک پشکی هەرێمی کوردستان. لەبارەی وردبینی لە لیستی فەرمانبەرانیش، لیژنەیەکی وەزارەتی دارایی عێراق گەیشتووەتە هەولێر و دەستی بە کۆبوونەوە و رێکارەکان کردووە.
 
بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق تاوتوێی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی بکرێت لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و چۆنیێتی مامەڵەکردن لەگەڵ بڕیارەکە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە