ئەحمەد سەفار: دەبێت سێ مووچەکەی 2023 بدرێتەوە مووچەخۆران

25-02-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە خوولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، دەبێت سێ مووچەکەی ساڵی رابردوو بدرێتەوە بە مووچەخۆران.
 
شەوی شەممە 24-02-2024 ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە خوولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق میوانی بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 22:30 بوو، کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشکێشی کرد. لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق، ئەحمەد سەفار گوتی، کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر بووژانەوەی بازاڕی هەرێمی کوردستان بە هەموو کەرتەکانەوە دەبێت.
 
هەروەها ئەحمەد سەفار باسی لە دوو خاڵی گرنگی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی کرد؛ یەکەمیان ئەوەی کە بڕیاری داوە مووچەی هەموو مووچەخۆرانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لەکاتی خۆیدا دابەشبکرێت، دووەمیان ئەوەی کە خاڵێکی زیاد کردووە بۆ کردنەوەی هەژمارێکی بانکی بۆ هەموو مووچەخۆرێک.
 
هەر سەبارەت بە کردنەوەی ئەو هەژمارە بانکییە، بڕیاردەرەکەی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەوەی خستەڕوو، لە رێگەی بانکە حکومییەکانی عێراقەوە دەبێت، کە بریتین لە بانکی رافیدەین، رەشید و بانکی بازرگانیی عێراق (تی بی ئای)، بەڵام لقی دوو بانکەکەی یەکەم لە هەرێمی کوردستان نەماون، بۆیە پرۆسەکە لە بانکی بازرگانیی عێراق دەکرێت.
 
وەکو ئەحمەد سەفار دەڵێت، پڕۆسەکە هەندێک کاتی دەوێت و تاوەکو تەواوبوونی، دەبێت مانگانە 12.67% بنێردرێت تاوەکو بودجە هەموار دەکرێتەوە.
 
ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو گوتیشی، کردنەوەی ڤیزە کارت و هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران لە بانکەکە چەند کاژێرێک دەخایەنێت، بەڵام ئەوەی کێشەیە، ئەوەیە کە دیار نییە بە دیاریکراوی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چەندە. بە پێویستیشی دەزانێت، بەرپرسان و پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا کار لەسەر ئەوە بکەن پشکی هەرێمی کوردستان بکەوێتە سەر خەرجیی راستەقینە، چونکە ئەو کاتە بودجە ناچاری و لە هەموو بارێکدا خەرج دەکرێت.
 
بڕیاردەرەکەی پێشوو لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی، دەبێت بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی لە 01-01-2023وە هەژمار بکرێت، چونکە کاریگەریی بڕیارەکە ماوەی پێش دەرکردنیشی دەگرێتەوە.
 
وەکو ئەحمەد سەفار دەڵێت، لەو رێککەوتەوە ئەو بڕەی دیاریکراوە و ئەو بڕەی بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە، پاکتاو دەکرێت و بەو پێیەش دەبێت سێ مووچەکەی ساڵی رابردووی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدرێت، کە دابەشنەکراوە.
 
ئەحمەد سەفار باس لەوەش دەکات، بەپێی بڕیارەکە بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی، گەرەنتیی مووچەی مووچەخۆران دەکرێت؛ لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی، رەنگە بڕیارەکە لە رووی سیاسییەوە کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەرێمی کوردستان هەبێت، بەڵام لە رووی دارایی و ئابوورییەوە، دامەزراندن، خانەنشینکردن و پلەبەرزکردنەوەوە، بڕیارەکان لەدەست هەرێمی کوردستان دەمێننەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە