سەندیکای زێڕینگەران: تەنیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق نرخی زێڕ گرانبووە

25-02-2023
پەیمان محەممەد
دووکانێکی زێڕ لە بازاڕی زێڕینگەرانی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دووکانێکی زێڕ لە بازاڕی زێڕینگەرانی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگەرانی کوردستان دەڵێت، دوای رێکارەکانی بانکی ناوەندی، دەبێ 2600 دۆلار حەقی گواستنەوەی حەواڵە بۆ هاوردەکردنی یەک کیلۆگرام زێڕ بدەین. ئاماژەی بەوەش کرد، قەیرانی گرانبوونی زێڕ لە هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە تورکیا و دووبەیەوە نییە و تەنیا لێرە ئەو گرفتە هەیە.
 
رۆژی شەممە 25-02-2023، هەندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگەرانی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 14:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، بەهۆی دوایین رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق تێچووی گواستنەوەی حەواڵە بۆ کڕینی زێڕ زۆر زیادیکردووە. 
 
عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، رێنمایی نوێی تایبەت بە بانک و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕ و حەواڵەکردن و بازرگانەکان ئاشکراکردووە کە بەمشێوەیەن: 
 
- بە ئامانجی رێگریکردن لە بەقاچاخبردنی پارەی نەختینەیی بۆ ئەودیوی سنوورەکان، ئیدی بە هەر رێگەیەک بێت، جگە لەو بڕەی کە بانکی ناوەندیی عێراق دیاریکردووە، هێزە ئەمنییەکان دەسەڵاتی بەدواداچوون و پشکنینیان بۆ سەرجەم ئامرازەکانی گواستنەوە هەیە. بانکی ناوەندیی عێراق زانیاریی تایبەت بە خاوەن پسووڵەکان بە هێزە ئەمنییەکان دەدات بە ژمارەی ریزبەندییەکانیانەوە. 
 
- ئەو بڕە پارەیەی لە بانک و کۆمپانیاکانەوە دەنێردرێت بۆ لقەکانیان، بەڵگەنامەی تایبەتی لایەنی نێرەر و وەرگر و وردەکارییەکانی ناونیشانی هەردوولایەن و هۆکارەکەی پیشان دەدات و لە ئەگەری داواکردنی بەڵگەنامەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە خاڵەکانی کۆنترۆڵکردن و بازگەکاندا پێویستە پێشکێش بکرێت. لە ئەگەری نەگونجانی بڕە پارەکە و نێوەڕۆکی بەڵگەنامەکە و بوونی گومان، بانکی ناوەندیی عێراق چەند ژمارەیەکی بەردەستی داناوە بۆ ئەوەی لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە گومانەکان بڕەوێندرێنەوە. 
 
- بانکەکان و کۆمپانیاکان لە ئەگەری هەر رێکارێکی پشکنین و بەدواداچوون یان لە کاری دەستوەردان لەلایەن کەسانێک یان هەر دامەزراوەیەکی رێگەپێنەدراو، دەستبەجێ بانکی ناوەندی ئاگادار دەکەنەوە.
 
بەپێی زانیارییەکان، بانکی ناوەندیی عێراق رێژەی 10 هەزار دۆلاری بۆ حەواڵە دیاریکردووە و تەنانەت زێڕینگەرەکانیش ناتوانن زیاتر لەم بڕە پارە بۆ کڕینی زێڕ حەواڵە بکەن.
 
هەندرێن وەرتی لەوبارەوە دەڵێت، نرخی تەنیا یەک کیلۆ زێڕ نزیکەی 60 هەزار دۆلارە و ئەو 10 هەزار دۆلارەی بانکی ناوەندی دیاری کردووە بۆ حەواڵە، زێڕی پێ هاوردە ناکرێت. دەشڵێت، "ئەگەر یەک کیلۆ زێڕ لە دووبەی هاوردە بکەین نزیکی 2 هەزار و 600 دۆلار پارەی حەواڵەمان لەسەر دەکەوێت، ئەوەش ناجێگیری لە بازاڕی زێڕی هەرێمی کوردستان دروست دەکات." 
 
گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگەران گوتی، ئەمڕۆ شەممە نرخی جیهانی هەر ئۆنسەیەکی زێڕ 1810 دۆلارە و بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو دابەزیوە، بەڵام هەر مسقاڵێک زێڕی 21 عەیار بە 410 هەزار دیناری عێراقی مامەڵەی پێوەدەکرێت و ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەگەر بە 410 هەزار دینار بیفرۆشین، نازانین بە چەند دەبێ بیکڕینەوە."
 
بەگوتەی هەندرێن وەرتی، کڕین و فرۆشتنی زێڕ بەپێی پێویستی خەڵکە، "زۆربەی جاریش کە نرخی زێڕ بەرز دەبێتەوە، خەڵک زێڕەکانی خۆی دەفرۆشێت و کە هەرزانیش بووەوە دووبارە دەیکڕێتەوە." 
 
گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگەرانی کوردستان ئاماژەیدا، لە تورکیا و دووبەی زێڕ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەڵام نرخەکەی لەم دوو وڵاتە بەرزنەبووەتەوە و ئەو گرفتە تەنیا لە عێراق و هەرێمی کوردستانە، "هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و گرانبوونی حەواڵە کە دۆخەکە بازاڕی زێڕینگەرەکانیشی گرتووەتەوە و نائارامی و دڵەڕاوکێیەکی زۆری دروستکردووە."
 
نزیکەی سێ مانگە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار ناجێگیرە، وێڕای رێکارەکانی حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی، تاوەکو ئەمڕۆ بەهای دینار ناجێگیرە و کاریگەری لەسەر بازاڕەکان و گرانبوونی کەلوپەل و پێداویستییەکان هەبووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

نرخی نەوت بەرزبووەوە و زێڕ دابەزی

ئەمڕۆ چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ نزیکەی 81 دۆلار بەرزبووەوە. هەروەها نرخی کانزای زەرد (زێڕ) بەڕێژەیەکی کەم دابەزینی بەخۆیەوە بینی و یەک ئۆنسە بە 2462 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.