لیژنەی سووتەمەنی لە پارێزگای دهۆک: ئەگەر چاودێریی گازی بەردەڕەش نەکرێت بە نایاسایی دەبردرێت بۆ هەولێر


رووداو دیجیتاڵ 

لە قەزای بەردەڕەشی سەر بە پارێزگای دهۆک گرفتی کەمیی گازی ماڵان هەیە. سەرۆکی لیژنەی سووتەمەنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆکیش دەڵێت: "هەموو ئەو قەزایانەی سەر بە پارێزگای دهۆکن گازیان بەدەست دەگات، بەڵام قەزای بەردەڕەش هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگای هەولێر، ئەگەر لیژنەکانی قایمقامییەت چاودێریی ئەو بڕە گازە نەکەن کە بە دەستیان دەگات، گازە حکومییەکە بە نایاسایی دەبردرێت بۆ هەولێر و لەوێ بەشێوەی بازرگانی دەفرۆشرێت." 
 
رۆژی چوارشەممە 25-1-2023، عەبدولسەمەد تێلی، سەرۆکی لیژنەی سووتەمەنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە دهۆک قەیرانی گاز نییە، بەڵام گرفتی کەمی گاز هەیە، چونکە خواست لەسەر گاز لە وەرزێک بۆ وەرزێکی دیکە دەگۆڕێت، لە زستان خواست لەسەر گاز زیاد دەکات، بۆ نموونە ئێستا پارێزگاکە پێویستی بە 12 تانکەر گازی شلە، بەڵام بۆ هەموو دهۆک نۆ بۆ 10 تانکەرمان بەدەست دەگات، کە ئێستا نزیکەی 280 خێزان لە دهۆکن جگە لەوەی 84 هەزار خێزانی ئاوارە و پەنابەریش هەن."
 
لە هەرێمی کوردستان جگە لەو گازەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ساوزکوردستانەوە بۆ ماڵان دابینی دەکات، گازی بازرگانیش هەیە. هەر بوتڵێک گازی بازرگانی بە 15 هەزار دینار لە بازاڕەکاندا بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێت.
 
لەبارەی گرفتی کەمیی گاز لە قەزای بەردەڕەش، سەرۆکی لیژنەی سووتەمەنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک دەڵێت: "هەموو قەزاکانی سەر بە پارێزگای دهۆک گازیان بەدەست دەگات، بەڵام کێشەی قەزای بەردەڕەش ئەوەیە هاوسنوورە لەگەڵ هەولێر، بۆیە ئەگەر لیژنەکانی قایمقامییەت چاودێرییەکی باشی ئەو گازە نەکەن کە بەدەستیان دەگات، ئەوە گازە حکومییەکە بە نایاسایی دەبردرێت بۆ هەولێر و لەوێ بە بازرگانی دەفرۆشرێت، چونکە نرخی گازی بازرگانی زیاترە." 
 
لە پارێزگای سلێمانیش کێشەی کەمی گازی شل هەیە، پارێزگاکە بە هەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین و گەرمیانەوە رۆژانە 12 تانکەر گازیان بەدەست دەگات کە پێشتر 250 تۆن بوو، بەڵام ئێستا بڕەکەی بۆ 230 تۆن کەمکراوەتەوە.
 
رۆژی دووشەممە 23ی ئەم مانگە، رێبوار عەبدوڵڵا، لێپرسراوی گازی شل لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە رووداوی گوت، "قەیرانی گاز لە سلێمانی نییە، بەڵام گرفتی کەمیی گاز هەیە. یەکێک لە کێشەکانمان ئەوەیە، ئەو 12 تانکەرە گازەی بەدەستمان دەگات بووە بە 230 تۆن، بۆ ئەوەش لەگەڵ داناگاز قسەمان کردووە. ئەوان کۆمپانیا بە بەرپرس دەزانن و کۆمپانیا داناگاز بە بەرپرس دەزانێت."
 
لە وەرزی زستان پارێزگای سلێمانی پێویستی بە 400 تۆن گازی شلە، بەڵام بە گوتەی رێبوار عەبدوڵڵا: "ئەو بڕەیان بەدەست ناگات."
 
لە هەرێمی کوردستان زۆرترین گازی شل لە رێگەی بوتڵەوە دەگاتە ماڵان؛ بۆ هەر بوتڵێک کە 22 لیتر گازی شلی تێدایە، هەشت هەزار و 500 دینار لە هاووڵاتی وەردەگیرێت. 
 
پارێزگای هەولێریش ئەو بڕە گازەی بەدەست ناگات کە پێویستێتی. 23ی ئەم مانگە، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە رووداوی گوت: "رۆژانە 14 تانکەر گازی شل دەگاتە هەولێر کە دەکاتە نزیکەی 280 تۆن گازی شل، لە کاتێکدا پێویستمان بە زیاتر لە 400 تۆن گازی شلە، کە بەراورد بە زستانی 2020 بڕەکە کەمبووەتەوە. ئەو کاتە زیاتر لە 20 تانکەر گاز لە هەولێر دابەش دەکرا."