لیژنەکەی سوودانی بۆ چارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکردووە
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تایبەت بە هەموارکردنی یاسای بودجە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، تائێستا هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکردووە. ئەندامێکی لیژنەکە دەڵێت، "دووجار وادەی کۆبوونەوە دانرا، بەڵام دواخرا؛ بۆیە پێویستە لیژنەکە بەم نزیکانە کۆببێتەوە."
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی ئەو لیژنەیەی محەممەد شیاع سوودانی بۆ هەموارکردنی یاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025 پێکیهێناوە، رۆژی یەکشەممە 24-12-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەکەیان دوو ئەرکی سەرەکی هەیە؛ یەکەم ئەرک ئەوەیە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بخاتە سەر بودجەی سەروەریی عێراق، بەمەش بەشی زۆری کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت. دووەم، چارەسەرکردنی کێشەی تێچوونی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان.
د. جەمال کۆچەر کە ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقە ئاماژەی بەوەکرد، لیژنەکە پێکهاتووە لە راوێژکارانی سەرۆکوەزیران، بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام تائێستا هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکردووە. راشیگەیاند، دوو جار وادەی کۆبوونەوە دیاریکرا، بەڵام بەهۆی سەرقاڵبوون بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کۆبوونەوەکە هەردووجار دواخرا.
د. جەمال کۆچەر دەڵێت، پێویستە بەم نزیکانە لیژنەکە کۆببێتەوە و کاری خۆی بکات، ئاماژە بەوەش دەکات "لە پەرلەمان هەموارکردنەکە دەنگی لەسەر دەدرێت و کێشەی بۆ دروست نابێت، چونکە لایەنە شیعەکان لەگەڵ ئەوەدان کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەربێت."
حکومەتی عێراق سێ 700 ملیار دیناری بە قەرز بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناردووە. ئەمساڵ 7 رۆژی ماوە کەچی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12 ئەمساڵیان وەرنەگرتووە.
لەبارەی هەموارکردنی یاسای بودجەوە، محەممەد شیاع سوودانی ئەم مانگە لە بەرنامەی بێستوون تۆکی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، "حکومەت لە هەر لایەکی دیکە بەپەلەترە لەمەدا. ئەنجوومەنی وەزیران دەنگ بۆ هەموارەکە دەدات و دەینێرێت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران کە ئێستا لەپشوودایە".
لەبارەی پێدانی قەرز بۆ مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و12، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، "تۆ قەرز لە چوارچێوەی بڕی پێشبینیکراوی پشکی هەرێم دەدەی. ناتوانی لە دەرەوەی پشکی خۆی پارە بدەی، چونکە وابەستەی یاسای. دەمەوێ بڕۆم بۆ هەموارەکە بۆ ئەوەی ئەو حاڵەتە تێپەڕێنم و بە پلەی یەکەمیش دەمەوێ ئەوە بپارێزم کە مووچەی فەرمانبەران بێ ئاستەنگ بڕوات، ئەوەشی دەمێنێتەوە دەتوانین چارەسەری بکەین، چونکە شتێک کە ناتوانین دوای بخەین مووچەی فەرمانبەرانە. بۆیە دەمانەوێ پەلە بکەین."