ژووری بازرگانیی سلێمانی: رێگرییەکانی عێراق کاری چەندین کارگەی لە هەرێمی کوردستان راگرتووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی دەڵێت، عێراق بەردەوامە لە رێگریکردن لە ناردنی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی نێوەڕاست و باشوور. دەشڵێت، "عێراق رژدە لەسەر ئەوەی دەبێت هەموو کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا مۆڵەت وەربگرن."
نەوزاد رەباتی، سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ماوەی سێ مانگە لە بازگەکانی عێراق رێگری لە ناردنی بەرهەمی نێوخۆی هەرێمی کوردستان دەکرێت. چەندین جار لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەغدا دانیشتوون گفتوگۆیان کردووە، هەموو زانیارییەکی کارگە و کۆمپانیاکانیان بۆ ناردوون، بەڵام عێراق رژدە لەسەر ئەوەی دەبێت سەرجەم کارگە و کۆمپانیاکان لە بەغدا مۆڵەت وەربگرن.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی گوتیشی، "ئەمە نە یاسایی و نە دەستوورییە، چونکە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی هەیە مۆڵەت بداتە کارگەکان."
سەرووی 6000 کارگەی گەورە، مامناوەند و بچووک لە سلێمانی تۆمار کراون، بەڵام ئێستا 4200 کارگە لە کاردان. بە گوتەی نەوزاد رەباتی، 30%ی پیشەسازیی عێراق لە سلێمانییە، گەورەترین کارگەکانی بیناسازیی عێراق لە سلێمانین، بەتایبەت کارگەی چیمەنتۆ و ئاسن و خشت.
یەکێک لە بیانووەکانی وەزارەتی پیشەسازیی عێراق ئەوەیە، چەند بەرهەمێک بەناوی بەرهەمی نێوخۆی هەرێمی کوردستان نێردراون بۆ عێراق، بەڵام کارگەی ئەو بەرهەمانە لە هەرێمی کوردستان نین.
لەبارەی ئەو گومانانەوە نەوزاد رەباتی گوتی، "چەند جارێک جەختمان کردووەتەوە کە عێراق شاندێکی بنێرێت بۆ لێکۆڵینەوە ئەگەر گومانەکانیان راست دەرچوو ئەوە دەتوانن رێکاری یاسایی بگرنەبەر، بەڵام ئەوەی عێراق دەیڵێت تەنیا گومانە و ئەوەی دەیڵێن بۆ لاوازکردنی کەرتی پیشەسازیی هەرێمی کوردستانە."
7ی تشرینی دووەمی 2024، ژووری بازرگانیی هەولێر بە هاوبەشی لەگەڵ بازرگان و پیشەسازکارانی هەولێر کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان کرد و لەو ڕێگەیەوە نامەیەکی کراوەیان ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، لە نامەکەدا داوایان کرد، دەستێوەردانی راستەوخۆ لە بابەتەکەدا بکات و سەرجەم کێشە و گرفتی بازگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق چارەسەر بکات.