ئێران هەناردەکردنی گازی بۆ عێراق بەتەواوەتی راگرت؛ پێدانی کارەبا کەم دەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ
 
کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەناردەکردنی گازی بۆ عێراق بەتەواوی راگرت، بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق 5500 مێگاوات کەمی کرد.
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 24-11-2024) ئەحمەد عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، (لە ئێرانەوە) هەناردەکردنی گازیان بۆ عێراق بەتەواوی راگرتووە، کە بۆ وێستگەکانی کارەبا لە بەغدا و ناوچەکانی ناوەڕاست و پارێزگاکانی فوراتی نێوەڕاست رەوانەی دەکرد. 
 
سەبارەت بە هۆکارەکەی، گوتەبێژی کارەبای عێراق دەڵێت، لایەنی ئێرانی پێیان راگەیاندوون، بەهۆی نۆژەنکردنەوە بۆریی گواستنەوەی گاز، بۆ ماوەی 15 رۆژ هەناردەکردنی گازەکەیان بۆ عێراق راگرتووە. 
 
گوتەبێژی کارەبای عێراق دەڵێت، ئێستا بەهۆی کێشەکەوە، کارەبا کەمتر بەرهەمدێت، لەهەمان کاتیشدا بەشێکی وێستگەکانیان لەژێر نۆژەنکردنەوەدان، بۆیە ئێستا بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق لە خوارووی 15 هەزار مێگاوات کارەباوەیە. 
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئابی 2024دا، حکومەتی عێراق بڕیاری تەرخانکردنی بڕی یەک تریلیۆن و 463 ملیار دیناری بۆ هاوردەکردنی سووتەمەنی، 619 ملیار و 680 ملیۆن دینار بۆ هاوردەکردنی وزەی کارەبای بۆ بودجەی وەزارەتی کارەبا دا.
 
بەپێی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024، لە کۆی گشتیی زیاتر لە 211 تریلیۆن دیناری بودجە، عێراق بڕی 40 تریلیۆن و 133 ملیار دیناری بۆ وزە تەرخانکردووە، لەنێویدا بڕی زیاتر لە 18 تریلیۆن دینار بۆ کارەبا و زیاتر لە 19 تریلیۆن دیناری بۆ نەوت.
 
بەپێی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024، عێراق بڕی 600 ملیار دیناری بۆ هاوردەکردنی وزە تەرخانکردبوو، بە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران پارەکە بۆ زیاتر لە سێ هێندە زیادکرا و بڕی تریلیۆنێک و 463 ملیار دیناری دیکەشی بۆ زیادکرا.
 
زورغام مالیکی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کێشەیە عێراق بۆ دابینکردنی وزەی کارەبا، پشت بە هاوردەکردنی سووتەمەنی و گازی وڵاتانی دیکە ببەستێت، ئەو بابەتە دەبێت زوو کۆتایی بێت."
 
گوتیشی "ساڵانە عێراق لەنێوان 5 بۆ 6 ملیار دۆلاری بۆ هاوردەکردنی سووتەمەنی و گاز دەڕوات، لەکاتێکدا ساڵانە بایی نزیکەی 10 ملیار دۆلار گاز دەسووتێنێت."
 
عێراق لە ساڵی 2023دا بەپێی ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، نزیکەی 6 ملیار دۆلاری بۆ هاوردەکردنی گازی ئێران تەرخانکردووە بۆ دابینکردنی کارەبا کە 40٪ کورتهێنانی هەیە، لەکاتێکدا بەپێی بانکی نێودەوڵەتی و رێکخراوە جیهانییەکانی وزە، عێراق سێیەم گەورەترین سووتێنەری گازی هاوەڵە کە وڵاتان بۆ بەرهەمهێنانی وزە بەکاریدەهێنن. عێراق ساڵانە 17 بۆ 18 ملیار مەتر سێجا گاز دەسووتێنێت.