کشتوکاڵی ورمێ: تائێستا زیاتر لە 500 هەزار تۆن چەوەندەر لە جووتیاران وەرگیراوە

24-10-2023
سینا سۆما
A+ A-

هەولێر دیجیتاڵ

رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، ئەمساڵ لە سەرەتای وەرزی کۆکردنەوەی چەوەندەرەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 500 هەزار تۆن لەو بەرهەمە لەلایەن کارگەکانی شەکری ئەو پارێزگایەوە لە جووتیاران کڕدراوەتەوە، پێشبینیش دەکات، بەرهەمی ئەمساڵی چەوەندەر لەو پارێزگایە بگاتە یەک ملیۆن و 850 هەزار تۆن.
 
خەسرەو شەهبازی، رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، ئەمساڵ لە سنووری ئەو پارێزگایە 565 هەزار تۆن چەوەندەر بە بەهای زیاتر لە یەک تریلیۆن و 414 ملیار تمەن لە جووتیارانی پارێزگاکە وەرگیراوە و تائێستا 93٪ی پارەی جووتیاران خەرجکراوە و ئەوەی ماوە لە زووترین کاتدا خەرج دەکرێت.
 
بە گوتەی خەسرەو شەهبازی، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بەرهەمی چەوەندەر لە سنووری پارێزگای ورمێ بگاتە سەرووی یەک ملیۆن و 850 هەزار تۆن کە زۆرترینی لە شارەکانی پیرانشار، بۆکان، میاندوا و نەغەدەیە.
 
لە سنووری پارێزگای ورمێ، شەش کارگەی بەرهەمهێنانی قەند و شەکر هەن، شەهبازی دەڵێت: "ئەو کارگانە دەتوانن رۆژانە 21 هەزار تۆن چەوەندەر لە جووتیاران بکڕنەوە."
 
وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران بۆ ئەمساڵ، بۆ نرخی هەر تۆنێک چەوەندەر دوو ملیۆن و 800 هەزار تمەن (زیاتر لە 50 دۆلار) دیاریکردووە.
 
بەپێی ئاماری فەرمیی وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران، ئەمساڵ لەسەر رووبەری 30 هەزار هێکتار زەوی، چەوەندەر چێندراوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە