بانکی رافیدەین بۆ 167 لقی: بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی پەیوەست مەبن بە شوێنەوە

24-10-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن بانکی رافیدەین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بانکی رافیدەین، کە یەکێکە لە بانکەکانی حکومەتی عێراق داوای لە لقەکانی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە کردووە لە کردنەوەی هەژماری بانکی، ئاسانکاری بکەن، بەبێ رەچاوکردنی شوێنی جوگرافی و شوێنی ئەوانەی دەیانەوێت هەژمار بکەنەوە.
 
بانکی رافیدەین، یەکێک لە دیارترین بانکەکانی حکومەتی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا داوای لە سەرجەم لقەکانی لە بەغدا و پارێزگاکانی عێراق (167 لق) کردووە کارئاسانی بۆ ئەوانە بکەن، کە بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی سەردانیان دەکەن، دەشڵێت "بۆ کردنەوەی هەژمارە بانکییەکان ئاسانکاری بکەن بەبێ ئەوەی شوێنی جوگرافی و شوێنی ئەوانەی سەردانتان دەکەن کوێ بێت، بەڵام گرنگە رەچاوی رێکارە یاساییە پشتپێبەستراوەکان بکەن، کە پەیوەندیدارە بە رێنماییەکان و مەرجەکانی کردنەوەی هەژماری بانکی لە بەرژەوەندیی خزمەتی گشتی."
 
ماوەی زیاتر لە ساڵێک دەبێت، عێراق ژمارەیەک هەنگاوی بۆ رێکخستنەوەی کەرتی بانکی ناوە و بەردەوامە، بەشێکی رێکارەکان پەیوەندییان بە دۆلارەوە هەیە کە بە گوتەی عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی، هێشتا بەشێکی لە رێگەی قاچاخ رەوانەی ئەو وڵاتانە دەکرێت، کە نابێت لە عێراقەوە دۆلاریان بۆ بڕوات.
 
رۆژی سێشەممە، 24-10-2023، د. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی ئەو بڕیارەی بانکی رافیدەینی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو هەنگاوە باشە لەپێناو بەدامەزراوەییکردنی زیاتری کەرتی بانکی و بۆ ئەوەی هەژماری بانکی کە یەکێکە لە پێویستترینەکان، بە ئاسانی بۆ هەموو هاووڵاتییان بەردەست بێت و ئیدی مامەڵە لەڕێگەی کاشەوە کە لایەنی نەرێنی زۆری هەیە، کەم ببێتەوە."
 
بانکی رافیدەین، بانکێکی حکومیی عێراقە و، لە ساڵی 1941 دامەزراوە، 174 لقی لە ناوەوە و دەرەوەی عێراقدا هەیە، پێشتر لە هەرێمی کوردستان چەندین لقی هەبوو، بەڵام لەدوای ساڵی 1991ـەوە کارەکانیان راگرت، ماوەیەکە ژمارەیەک پەرلەمانتار لە هەوڵدان بۆ کردنەوەی لقی ئەو بانکە و بانکەکانی دیکەی حکومەتی عێراق لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هاووڵاتیان لە قەرز و پێشینەکانی سوودمەندبن.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە جنێڤ. وێنە: AFP

عێراق تاوتوێی بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەکات

دوای زیاتر لە 16 ساڵ راوەستان، عێراق دانوستاندنەکانی بۆ بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەستپێدەکاتەوە. بەڕێوەبەی گشتی پەیوەندییەکانی بازرگانیی دەرەکی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: خۆیان بۆ کۆبوونەوەی سێیەم لەگەڵ تیمی تایبەت بۆ بەئەندامبوونی عێراق ئامادە دەکەن.