عەلی حەمە ساڵح لەبارەی دابەزینی بەهای دۆلار: کاتییە


رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی ئەنجوومەنی گۆڕينەوەی دراوی هەولێر "دۆلارفرۆشان" رایگەیاند بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی، ئەمڕۆ ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵک روویان لە بازاڕەکەیان کردووە، بەهۆیەوە گوشار لەسەر بازاڕەکە دروستبوو. هەروەها پەرلەمانتارێکی کوردستان، بەرزبوونەوەی نرخی دیناری عێراقی لە بەرامبەر دۆلار بە "کاتی" ناودەبات.
 
رۆژی دووشەممە 24-10-2022، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕينەوەی دراوی هەولێر "دۆلارفرۆشان" سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەرزبوونەوەی نرخی دیناری عێراقی، کە لە داخستنی بازاڕەکەمان ئەمڕۆ گەیشتە 146 هەزار دینار بەرامبەر بە 100 دۆلاری ئەمریکی تەنیا پەیوەندیی بە قسەی خەڵکەوە هەیە گوایە ژمارەیەک پەرلەمانتار دەیانەوێت لە حکومەتی نوێی عێراق نرخی دینار بەرز بکەنەوە." 
 
بە گوتەی حاجی سابیر باواجی، کە 30 ساڵە لە بازاڕی دۆلارفرۆشان کار دەکات، ئەمڕۆ ژمارەیەکی زیاتری خەڵک روویان لە نووسینگەکانی گۆڕینەوەی دراو کرد بە بەراورد بە رۆژانی رابردوو، هەمووشی دۆلاری بە دینار دەگۆڕییەوە، بەڵام دەڵێت: "من وەکو ئەزموونی خۆم دەڵێم ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخی دیناری عێراقی کاتییە. بە خەڵک دەڵێم دەست لە دۆلارەکانتان مەدەن و مەیفرۆشنەوە و مەیکەنە دینار، چونکە دۆلار جێگیرترە."
 
رۆژی یەکشەممە لە هەولێر 100 دۆلار بەرامبەر بوو بە 147 هەزار و 150 دینار، بەڵام ئەمڕۆ  دووشەممە کاژێر چواری ئێوارە 100 دۆلاری ئەمریکی دابەزی بۆ 145 هەزار و 500 دینار.
 
دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، پەیوەندیی بە بڵاوکردنەوەی نووسراوێکەوە هەیە کە لەلایەن 41 پەرلەمانتاری عێراقەوە واژۆ کراوە و تێیدا داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەن لەبارەی دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار کۆببنەوە و داوا دەکەن نرخی دینار بە قۆناخ بگەڕێندرێتەوە بۆ نرخی پێشووی کە 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بوو بە 120 هەزار دینار.
 
عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان لە کۆمێنتێکدا بۆ پۆستێکی رووداو لەبارەی زیاتر دابەزینی نرخی دۆلار دەڵێت، "دابەزینی بەهای دۆلار لە دەسەڵاتی پەرلەمان نییە و لە دەسەڵاتی بانکی ناوەندیی عێراقە. بانکی ناوەندی هیچ بڕیارێکی نییە بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار. ئەوەی هەیە کاریگەریی کاتییە و بەهۆی موزایەدەی هەندێک پەرلەمانتارەوەیە."
 
حاجی سابیر باواجی باسی لەوە کرد: هیچ گۆڕانکارییەک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لەبارەی نرخی دراو چی دینار بێت یان دۆلار رانەگەیێندراوە، بۆیە ئەوەی روودەدات پەیوەندیی بە قسەی خەڵکەوە هەیە، دەشڵێت، "ئەگەر بانکی ناوەندیی عێراق یان بانکێک یان حکومەت یان وەزارەتی دارایی لەبارەی نرخی دینار و دۆلار قسە بکات ئەوە فەرمییە و کاریگەریی هەیە و راستیی تێدایە، بەڵام ئەوەی روودەدات خەڵک تەنیا دوای قسە کەوتوون."
 
بانکی ناوەندیی عێراق، لە 20ی 12ی 2020دا بڕیاریدا، نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیادبکات، ئەو بڕیارە هەرچەندە بووە هۆی زیادبوونی داهاتی ناوخۆ، بەڵام لە هەمانکاتدا نرخی زۆربەی خۆراک و کەلوپەلی لە بازاڕەکاندا لانیکەم بە رێژەی زیاتر لە 20٪ بەرزکردەوە.
 
پارێزگاری بانکی ناوەندی لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، تاوەکو سێ ساڵی دیکە ناتوانن نرخی دینار بگەڕێننەوە بۆ نرخە کۆنەکەی، لەبەر سێ هۆکار: یەکەم، ئابووریی عێراق ئەوەندە بەهێز نییە؛ دووەم، بانکی ناوەندیی عێراق پابەندە بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و بۆی دیاریکراوە کە دەبێت نرخەکان چۆن بن؛ سێیەم، ئەگەر لە ساڵێکدا دوو جار نرخ بگۆڕێت، خەڵک متمانەی بە بانکی ناوەندی نامێنێت. هەروەها لە بودجەی کارپێکردندا گوشار و بارگرانی دەکەوێتە سەر حکومەت.
 
رۆژی 17-02-2022، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر تایبەت بە بەهای دۆلار و دابەزاندنی بەرامبەر بەهای دیناری عێراقی لە تویتێکدا داوایکرد وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بانگهێشتی پەرلەمان بکرێن، هەروەها داوای کرد بە تووندی مامەڵە لەگەڵ هەندێک لەو بانکانە بکرێت کە سەر بە حیزبە دەسەڵاتدارەکانن.