نرخی نەوتی برێنت بۆ زیاتر لە 74 دۆلار بەرزبووەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ سێشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت بەهۆی نیگەرانی لە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سەرهەڵدانی باهۆز لە ناوچە نەوتییەکانی ئەمریکا بەرزبووەوە.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 21 سەنت بەرزبووەوە و بە 74 دۆلار و 11 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 24 سەنت بەرزبووەوە و بە 70 دۆلار و 61 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
رۆژی دووشەممە، هەردوو نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساسی ئەمریکا بەهۆی نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوت و هەروەها ئامارە ئابوورییە نەرێنییەکانی ئەورووپا دابەزین.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، هەمان رۆژ، ئیسرائیل بە چڕی هێرشی بۆ سەر باشووری لوبنان دەستپێکرد و رایگەیاند، پێگەکانی حیزبوڵڵای لە باشووری لوبنان کردوونەتە ئامانج. بەرپرسانی لوبنان رایانگەیاند بەهۆی هێرشەکان 492 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
شرۆڤەکارانی بانکی ئوسترالی - نیوزلاندی لەو بارەیەوە رایانگەیاند: "بازرگانانی نەوت نیگەرانی تووندبوونەوەی گرژییەکانن لە رۆژهەڵاتی نێوەراست."
 
لەلایەکی دیکەوە، کەنارە ئاوییەکانی کەنداوی مەکسیکۆ رووبەڕووی دووەم باهۆزی گەورە دەبێتەوە و کۆمپانیا نەوتییەکان کارمەندەکانیان لاداوە و کێڵگە نەوتییەکانیان داخستووە.