بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە هەولێر چاوەڕێی بەغدایە
رووداو دیجیتاڵ
بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە، حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی بەغدایە، بڕە پارەیەکی دیکەی بۆ رەوانە بکات، کە پێشتر لێی بڕی بوو، بۆ ئەوەی دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی هەشتی فەرمانبەران و مووچەخۆران بکات.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو 572 ملیار دینارە، کە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان خەرجی کردووە، مووچەی مانگەکانی رابردووە، بەتایبەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکە بووە، کە بەهۆی بوونی کەموکوڕی لە لیستەکان پارەکانیان راگیرابوو، چاوەڕێ دەکرێت بەغدا پڕە پارەیەکی دیکە خەرج بکات، تاوەکو مووچەی مانگی هەشتی پێبدات.
ئەندامەکەی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق گوتی، هەرێمی کوردستان هەوڵدەدات ئەو پارانەی کە بەغدا بڕیویەتی لە مانگی سێ تاوەکو حەوتی ئەم ساڵ لە بەغدا وەربگریتەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ 572 ملیار دینارە مووچەی مانگی هەشتی پێبدات.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی دووشەممە، 23-09-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شاندی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە، ئەمڕۆ لەگەڵ هاوتاکانیان لە وەزارەتی دارایی عێراق کۆبوونەوەتەوە. سبەیش کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبێت، بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بەمەبەستی خەرجکردنی ئەو پارانەی کە پێشتر لە هەرێمی کوردستان بڕابوون.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکرد، لە مانگی دوو تاوەکو مانگی هەشت، بەغدا 815 ملیار دیناری هەرێمی کوردستانی بە چەند بیانووێک بڕی بوو، لەوانە: نەبوونی بایۆمەتر، ناوی دووبارە و دوو مووچەیی. ئەو شاندە تەکنیکییە کە چووەتە بەغدا هەموو سەرەنج و تێبنییەکانیان لەبارەی لیستی مووچە چاککردووەتەوە و لەگەڵ خۆیان بردووە.
سەرچاوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران دەشڵێت، بەغدا 572 ملیاری لەو 815 ملیار دینارە بۆ هەرێمی کوردستان خەرجکردووە، بڕیارە ئەوەی ماوە خەرجی بکات کە 243 ملیار دینارە، بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بۆ مانگی هەشت پێبدرێت.
سەرچاوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لەوەدەکاتەوە، تاوەکو ئێستا شاندی باڵای هەرێمی کوردستان نەچووەتە بەغدا؛ بەڵام ئامادەکارییەکان بەردەوامە بۆ چوونی شاندەکە، ئەوەی ئێستا لە بەغدایە شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتیی داراییە.