كۆمپانياى ئەپڵ هەڕەشە لە فەيسبووك دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمپانیای ئەپڵ، دوای ئەوەی بۆی دەركەوت لە رێگەی ئەپڵیکەیشنەکانی وەکو ئینستاگرام و هاوشێوەکانی، بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکرێت، هەڕەشەی دەرکردنی ئەپەکانی فەیسبووکی لە ئەپ ستۆر کردووە.
 
بەپێی راپۆرتە ناوخۆيیەكانى کۆمپانیای فەیسبووک، کە رۆژنامەی  Wall Street Journal، بڵاوی کردووەتەوە، دوای ئەوەی کەناڵی BBC، لە ساڵی 2019، بازرگانیکردن بە مرۆڤی لە رێگەی ئینستاگرام و هاوشێوەکانی ئاشکراکردووە، فەیسبووک ئەوەی ئاشکراکردووە هەڕەشەی دەرکردنی ئەپەکانی لە ئەپ ستۆر لەلایەن کۆمپانیای ئەپڵەوە پێگەیشتووە.
 
ئەوەش زانراوە کە دوای هەواڵەکە، کۆمپانیاکانی ئەپڵ و گووگڵ کە خاوەنی بازاڕی داگرتنی بەرنامەن، کەوتوونەتە خۆیان و ئەپڵ داوای لە پڕۆگرامەرەکانی کردووە کە "بە زووترین کات رێکاری پێویست بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بدۆزنەوە".
 
لەلایەکی دیکەوە، بەپێی راپۆرتەکەی  Wall Street Journal، فەیسبووک، پێش هەواڵەکەی BBC، ئاگاداری ئەم بابەتە بووە و لێکۆڵینەوەی کردووە، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، هاشتاگە پەیوەندیدارەکانی لاداوە و هەژمارەکانی داخستوون.
 
بی بی سی، ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە لە سعودیە و کوێت لە رێگەی ئینستاگرامەوە کڕین و فرۆشتن بە کارگوزارەکان دەکرێت و بەبێ رەزامەندی خۆیان لە ماڵەکان دەبەسترێنەوە و تەواوی مافەکانیان لێ زەوت دەکرێت.