شاندێکی بانکی ناوەندیی عێراق دەچێتە ئەمریکا

24-08-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق سەردانی ئەمریکا دەکات. جێگرەکەی، سەردانەکە بە رۆتینیی وەسف دەکات و راوێژکارێکی سوودانیش دەڵێت: ئەرکی بانکی ناوەندییە دانوستاندن بۆ هەڵگرتنی سزا ئەمریکییەکانی سەر بانکە عێراقییەکان بکات.
 
ئەمڕۆ (شەممە، 24ـی ئابی 2024) عەممار خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆتایی ئەم مانگە، شاندێکی بانکی ناوەندی بە سەرۆکایەتیی عەلی عەللاق، سەردانی ئەمریکا دەکات و چەند پرسێک سەبارەت بە پەیوەندیی ئابووریی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ دەکەن."
 
عەممار خەڵەف گوتی، "سەردانەکە رۆتینی دەبێت، بەڵام هیوادارین بتوانین بە دەستکەوتی باشەوە بگەڕێینەوە و پەیوەندییە ئابوورییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا پتەوتر و باشتر بکەین."
 
هەینی، 23ـی ئابی 2024، مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت، "بانکی ناوەندی بەگوێرەی ئەو بەرپرسیارییەتییەی لەسەر شانییەتی، پێویستە دانوستان لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا بکات بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە بڕیاری بێبەشکردنی بانکە عێراقییەکان لە مامەڵەکردن بە دۆلار هەڵبوەشێنێتەوە یان کەمیان بکاتەوە، ئەوەش ئامانجێکی سەرەکیی سەردانەکەی پارێزگار دەبێت، چونکە ئەو بڕیارە کاریگەریی زۆری لەسەر سیستەمی دارایی عێراق هەبووە و لە داهاتووشدا ئەو کاریگەرییە زیاتر هەستی پێدەکرێت."
 
ئەو راوێژکارەی سەرۆکوەزیران راشیگەیاند، "رێککەوتننامەی ستراتیجیی ساڵی 2008ـی نێوان عێراق و ئەمریکا، چەندین تەوەر لەخۆدەگرێت بۆ بەردەوامبوون و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا؛ تەوەری ئابووری و هاوکاریی دارایی و بانکی یەکێکە لەو تەوەرانەیە کە لە رێککەوتننامەکەدا جەختیان لەسەر کراوەتەوە، کە ئەوەش بە ئامانجی قوڵکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکەی نێوان هەردوو وڵاتە."
 
5ـی شوباتی 2024، بانکی ناوەندیی عێراق لیستێکی نوێی ئەو بانکانەی بڵاوکردەوە کە بێ بەشکراون لە مامەڵەی دۆلار. لیستەکە ناوی هەشت بانکی نوێی عێراق و کوردستانی تێدایە و بریتین لە؛ بانکی ئاشوور بۆ وەبەرهێنان، بانکی وەبەرهێنانی عێراق، بانکی یەکێتیی عێراق، بانکی ئیسلامیی نێودەوڵەتیی کوردستان، بانکی هودا، بانکی ئیسلامیی باشوور، بانکی ئیسلامیی عەرەبی و بانکی بازرگانیی حامورابی.
 
رۆژی 20-07-2023ـیش، بانکی ناوەندیی عێراق ناوی 14 بانکی بڵاوکردەوە کە بێبەشکراون لە مامەڵەی دۆلار کە بریتی بوون لە:
 
1- بانکی راوێژکاریی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن
2- بانکی قرتاسی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن 
3- بانکی تەیفی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن 
4- بانکی ئیلافی ئیسلامی
5- بانکی هەولێر بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن
6- بانکی نێودەوڵەتیی ئیسلامی
7- بانکی عەبرە عێراق بۆ وەبەرهێنان
8- بانکی موسڵ بۆ پەرەپێدان و وەبەرهێنان
9- بانکی راجحی  ئیسلامی
10- بانکی سۆمەری بازرگانی
11- بانکی متمانەی نێودەوڵەتیی ئیسلامی
12- بانکی دارایی ئیسلامی
13- بانکی (العالم)ی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن
14- بانکی زینی عێراقی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردن

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە