نرخی زێڕ بە رێژەی 1.2% بەرزبووەوە

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی زێڕ رۆژی هەینی زیاتر لە 1٪ بەرزبووەوە دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا کە لە مانگی ئەیلوولەوە سوودی بانکی کەمدەکاتەوە.
 
نرخی زێڕ کاژیر 12:00ی دوێنێ شەو لە کاتی داخستنی بازاڕەکان بە رێژەی 1.2٪ بەرزبووەوە و یەک ئۆنسەی بە 2512 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ مانگی 12 بەهەمان رێژەی بەرزبووەوەو بە 2546 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
جیرۆم پاوڵ لە وتاری رۆژی هەینی خۆی رایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە کە بانکی ناوەندی ئەمریکا دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی بکات و رێژەی هەڵاوسان دابەزیوە بۆ نزیکەی 2٪ کە ئامانجی بانکی ناوەندی ئەمریکایە.
 
لە دوای وتارەکەی جیرۆم پاوڵ بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە بە رێژەی 0.8٪ دابەزی و سوودی سەر قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکاش دابەزینیان بەخۆوە بینی.
 
تای وانگ، بازرگانی سەربەخۆ لە نیویۆرک لەو بارەیەو رایگەیاند، " بازاڕەکان بە ئەرێنی کاریگەرییان بەرامبەر بە لێدوانەکانی جیرۆم پاوڵ پێشانداوە."
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە کە ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ لە ئارادایە بەتایبەتی تاوەکو کۆبوونەوەی داهاتووی بانکی ناوەندی ئەمریکا کە بریار لەسەر ئەوە دەدات بە چ رێژەیەک لە سوودی بانکی کەمدەکەنەوە.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە