دەروازەی سنووریی باشماخ فراوان دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری سنە رایگەیاند، بەمزووانە دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی فراوانکردنی دەروازەی سنووریی باشماخ دەکەن. بۆ ئەم مەبەستەش زەویی پێویست تەرخان کراوە.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی پەیوەندییە گشتییەکانی پارێزگای سنە، بەمەبەستی تاوتوێکردنی پڕۆژەی فراوانکردنی دەروازەی سنووریی باشماخی مەریوان، ئامادەکارییەکان و کێشەکانی لەبەردەم جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، رۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەیەک بە سەرپەرشتیی محەمەد رزوانیفەر، بەڕێوەبەری گومرکی ئێران و ئیسماعیل زارعی کووشا، پارێزگاری سنە، هەروەها بە ئامادەبوونی جەواد هیدایەتی، بەڕێوەبەری گشتی ترانزێت و گواستنەوەی رێکخراوی رێگەوبانی ئێران، سەید محەممەد رەزا هاشمی نیا، راوێژکاری سەرۆکی رێکخراوی رێگەوبان و شیوا قاسمی پوور، نوێنەری شارەکانی مەریوان و سەوڵاوا لە پەرلەمانی ئێران، کرا.
 
لە کۆبوونەوەکەدا ئیسماعیل زارعی کووشا، پارێزگاری سنە رایگەیاند، لە چوارچێوەی پلانی فراوانکردن و گەشەپێدانی دەروازەی سنووریی باشماخدا 25 هێکتار زەوی تەرخانکراوە و لەمەدوا لایەنە پەیوەندیدارەکان دەتوانن بۆ دروستکردنی ژێرخانی پێویست لە سنوورەکە کارەکانیان خێراتر بکەن.
 
زارعی کووشا داوای لە گومرک و رێکخراوی رێگەوبانی ئێران کرد، لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی فراوانکردنی دەروازە سنوورییەکەدا پشتگیری و هاوکاریی پارێزگای سنە بکەن.
 
شیوا قاسمی پوور، نوێنەری شارەکانی مەریوان و سەوڵاوا لە پەرلەمانی ئێرانیش لە کۆبوونەکەدا ئاماژەی بە گرنگیی دەروازەی سنووری باشماخ بۆ ئێران و پارێزگای سنە کرد و رایگەیاند، بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی فراوانکردنی دەروازە سنوورییەکە، هەناردە و هاوردەکردنی کەلوپەل و هەروەها هاتووچۆی گەشتیاران لەو سنوورەوە گەشە دەکات و دەرفەتی زیاتر بۆ وەبەرهێنان دەڕەخسێت.
 
بە گوتەی شیوا قاسمی پوور، لە چواچێوەی پلانەکەدا رووبەری دەروازە سنوورییەکە لە حەوت هێکتارەوە بۆ 25 هێکتار زیاد دەکرێت.
 
لە کۆبوونەوەکەدا محەممەد رزوانیفەر، بەڕێوەبەری گومرکی ئێران پشتگیریی خۆی بۆ پڕۆژەی فراوانکردنی دەروازەی سنووریی باشماخ دەربڕی و گوتی، پێویستە بۆ ئەم مەبەستە یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان گومرگ و رێکخراوی رێگەوبانی ئێران واژۆ بکرێت، بۆ ئەوەی ببێتە بنەمای چالاکییەکانی داهاتووی هەردوو دامەزراوەکە.
 
ساڵی رابردوو بە بەهای 4 ملیار و 722 ملیۆن دۆلار هەناردە و ترانزێتی کەلوپەل لە دەروازەی سنووریی باشماخ کراوە. لە پێنج مانگی رابردووشدا قەبارەی هەناردە و ترانزێتی کەلوپەل لەو سنوورە بەهاکەی زیاتر لە یەک ملیار و 684 ملیۆن دۆلار بووە.