عەلوەی هەولێر: تەماتە گران بووە و هەر کیلۆیەک 750 دیناری چووەتە سەر

24-08-2021
جووتیار قارەمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر رایدەگەیێنێت کە نرخی بەشیک لە سەوزە و میوەکان گرانبووە بە تایبەتی تەماتە کە 750 دیناری چووەتە سەر.
 
رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "نرخی سەوزە و میوە لە چاو مانگێک پێش ئێستادا گران بووە، بە تایبەتی نرخی تەماتە، خەیار و پەتاتە. مانگی پێشوو تەماتە لە عەلوە کیلۆی بە 250 دینار بوو ئێستا بە 1000 دینارە، واتە 750 دیناری چووەتە سەر." 
 
ساڵانە لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمە خۆماڵییەکاندا بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پڕ دەبن لە میوەی خۆماڵی کە ئەوەیش دەبێتە هۆی هەرزانبوونی نرخی بەرهەمەکان، بەڵام ئەمساڵ وشکەساڵی کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەم هەبووە.
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر گوتی: "ئەو بەرهەمانەی گران بوون خۆماڵییەکانن، ئەگەر بەرهەمی هاوردە بهێنرێت، نرخیان هەرزان دەبێت. تەماتەیش لە هەموویان زیاتر گران بووە. ئێستا تەماتەی هەولێر بەرەو تەواوبوون دەچێت، ئەوەی شارەزوور و سیدەکانیش ئەمساڵ نەخۆشییەک لێیدابوو و بەو هۆیەوە کەم بوو، ئەو کەمبوونەیش بووە هۆی گرانبوونی."
 
کاتێک بەرهەمی خۆماڵی پێدەگات، وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوردەکردنی ئەو جۆرە بەرهەمانە قەدەخە دەکات یان باجیان لەسەر زیاد دەکات، ئەوەیش بە مەبەستی زیادکردنی فرۆشی بەرهەمی خۆماڵی.
 
رەجەب حاجی عەزیز گوتی: "ئێستا لە سنوورەکانەوە تەماتە ناهێنرێت، چونکە هەر کیلۆیەکی 750 دینار باجی لەسەرە. ئێستا زیاتر میوە هاوردە دەکرێت، وەک قۆخ، سێو، پرتەقاڵ، هەنار و مۆز. رۆژانە زیاتر لە 200 تۆن تەماتە دەهێنرێتە هەولێرەوە، بەڵام بەشی ناو هەولێر ناکات. ئێستا لەبەر ئەوەی بەهۆی وشکەساڵییەوە بەرهەمی ناوخۆ کەمە، هەق وایە حکومەت کە دەزانیت بەروبووم گران دەبێت، لەو کاتانەدا رێگە بە هاوردەکردن بدات و باج کەم بکاتەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.