دەستکاریی خشتەکانى بودجەى عێراق کراوە و لیژنەى لێکۆڵینەوە لەسەرى پێکدەهێندرێت


رووداو دیجیتاڵ

لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لەسەر دەستکاریکردنى خشتەکانى بودجەى 2024 پێکدەهێنێت، کە نزیکەى 12 تریلیۆن دینار زیادی کردووە و بەهۆیەوە بڵاوکردنەوەى خشتەکە لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى راگیراوە.

جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو خشتەیەى بودجە لە پەرلەمانەوە چووەتەوە بۆ حکومەت، ئەوە نەبووە کە دەنگمان لەسەر داوە و دەستکاری کراوە، نزیکەى 12 تریلیۆن دینار زیادی کردووە."
 
خشتەى بودجەى 2024 زیاتر لە 211 تریلیۆن دینارە، پشکى هەرێمى کوردستان لەو بڕە زیاترە لە 20 تریلیۆن دینار.
 
جەمال کۆچەر گوتى: "لیژنەى لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو دەستکاریکردنە لە ئەندامانى لیژنەى دارایی پێکهێندراوە و دەستبەکاربوون، زیادکردنەکە لە پارەى هەندێک وەزارەت و پارێزگا کراوە لە بەرنامەى ئێکسڵى خشتەکە کە ژمارەکانى تێدایە".
 
رۆژی 3ـی حوزەیران، پەرلەمانى عێراق خشتەکانى بودجەى پەسند کرد، سەرۆککۆماری عێراق 25ـى تەممووز خشتەکەى واژۆکرد و رەوانەى رۆژنامەى وەقائیعی عێراق کرد بەمەبەستى بڵاوکردنەوەى تاوەکو بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
 
ئەندامەکەى لیژنەى دارایی گوتی: "بڵاوکردنەوەى خشتەى بودجە لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى راگیراوە تاوەکو ئەو کێشەیە یەکلا دەبێتەوە."