وەزارەتی دارایی بۆ خانەنشینان: دەتوانن لە یەکشەممەوە فۆڕمی دابەشکردنی زەوی وەربگرن

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ بەڕێوبەرایەتیی گشتی خانەنشینی وەزارەتەکەی رایدەگەیێنێت لە یەکشەممەوە دەتوانن فۆڕمی دابەشکردنی زەوی وەربگرن.

 

بەڕێوبەرایەتیی گشتی خانەنشینی لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێ "ئاگاداری سەرجەم خانەنشینان دەکەینەوە؛ لە رۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە 28-7-2024، دەتوانن سەردانی بەڕێوبەرایەتی خانەنشینی پەیوەندیدار لە شار و شارۆچکەکان بکەن، بەمەبەستی وەرگرتنی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی."    
 
وەک بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێ "فۆڕمەکە تەنها ئەو خانەنشینانە دەگرێتەوە کە لە ژیاندا ماون. هەروەها تەنها ئەو خانەنشینانە دەتوانن فۆڕمی وەرگرتنی زەوی پڕبکەنەوە کە پێشتر بەهیچ جۆرێک سودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەوی.''
 
رۆژی 27-03-2024، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی سوودمەندنەبوون، بەپێی یاسا و رێنوێنییەکان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریشی بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە راسپارد.
 
ئەو پارچە زەوییانەی بڕیارە دابەشبکرێن، رووبەرەکەیان 200 مەترە و بڕیارە هەموو ئەو فەرمانبەرانە بگرێتەوە کە سوودمەند نەبوون و لە سنووری خۆیان پێیان بدرێت.