سوودانی داوا لە تەیف سامی دەکات کێشە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست نەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوا لە تەیف سامی، وەزیری دارایی حکومەتەکەی دەکات ئاستەنگ لەبەردەم ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروستنەکات. 
 
سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق داوای سەرجەم داهاتی نانەوتی لە هەرێمی کوردستان کردووە".
 
ئەو سەرچاوەیە بە رووداوی گوت، "وەزیری دارایی عێراق بە نووسراوی فەرمی رایگەیاندووە کە هەرێمی کوردستان 50٪ی داهاتی نانەوتی رادەست کردووە و ئەوەش وادەکات کێشە بۆ خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست بێت."
 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ وەزیری دارایی حکومەتەکەی قسەی کردووە و داوای لێکردووە ئاستەنگ و کێشە لەبەردەم ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست نەکات.
 
سوودانی رایگەیاندووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە 50٪ی داهاتی نانەوتی رادەستی حکومەتی عێراق دەکات، ئەوەش لەسەر بنچینەی رێککەوتنێکە لەنێوانیان. 
 
هەر لەو بارەیەوە سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی چوارشەممە 24-07-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تایف سامی، وەزیری دارایی عێراق هەشت نووسراوی ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کردووە و تێدا داوای کردووە سەرجەم داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەستی بەغدا بکات و دواتر بەگوێرەی یاسا نیوەی داهاتی گومرگ و فیدراڵییەکان رادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە". 
 
ئەندامەکەی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق گوتی، "وەزیری دارایی عێراق داوای ئەوە دەکات سەرەتا هەموو داهات رادەست بکرێ و دواتر بەگوێرەی یاسا نیوەی داهاتی فیدراڵی بگەڕێندرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە