بانکی ناوەندیی تورکیا بۆ جاری سێیەم دەستکاریی رێژەی سوودی نەکرد

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بانکی ناوەندیی تورکیا لە حەوتەمین کۆبوونەوەی ئەم ساڵیدا بۆ سێیەمجاری لەسەریەک دەستکاریی رێژەی سوودی بانکی نەکرد و لە 50% بە جێگیری هێشتیەوە.
 
رۆژی سێشەممە 23ی تەممووز، ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا بە سەرۆکایەتیی فاتیح کاراهان، سەرۆکی بانکی ناوەندی کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا بانکی ناوەندیی تورکیا بۆ جاری سێیەم بڕیاریدا دەستکاریی سوودی بانکی نەکات و لە 50% بە جێگیری هێشتیەوە.
 
بڕیارەکە لەئاست چاوەڕاونییەکانی بازاڕەکانی ناوخۆ بوو. لە دوو راپرسیی جیاوازی ئەنادۆڵ و بلومبێرگ کە بە بەشداریی شارەزایانی ئابووری کرابوون، پێشبینی کرابوو بانکی ناوەندیی تورکیا سوودی بانکی دەستکاری نەکات.
 
بانکی ناوەندیی تورکیا، لە کۆبوونەوەی مانگی رابردوودا بۆ دووەمجار بڕیاریدا بە دەستکارینەکردنی سوودی بانکی.
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی 21ی ئاداری 2024دا، بانکی ناوەندیی تورکیا سوودی بانکی لە 45% بۆ 50% بەرزکردەوە. هەروەها دوای هەشت جار بەرزکردنەوەی لەسەریەک، لە مانگی شوباتی ئەم ساڵدا بۆ یەکەمجار سوودی بانکی لە 45%دا جێگیر کرا.
 
بانکی ناوەندیی تورکیا لەدوای هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری 2023 دەستی بە بەرزکردنەوەی رێژەی سوود کرد. پێش ئەو هەڵبژاردنە رێژەی سوودی بانکی لە تورکیا 8.5% بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە