نرخی زێڕ بەرزبووەوە؛ 'کڕیاران دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست'


رووداو و دیجیتاڵ

لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی زێڕ بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەک بەرزبووەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە سەرەتای هەفتە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی بوو. 
 
لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکان لەم هەفتەیەدا، نرخی زێڕ تاوەکو 2380 دۆلار دابەزی، بەڵام لە دوو رۆژی رابردوودا نرخی ئەو کانزا زەردە بە باشی پارێزگاری لە ئاستی هەستیاری 2400 دۆلار کرد.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە هەر ئۆنسەیەکی بە 2415 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
بەپێی گوتەی بەشێک لە شرۆڤەکاران، پاراستنی ئاستی 2400 دۆلار بە ئەگەری زۆرەوە مانای ئەوەیە کە کڕیاران دەسەڵاتیان لە بازاڕدا گرتووەتە دەست.
 
کۆتایی ئەم هەفتەیە چەند ئامارێکی گرنگی ئابووریی ئەمریکا بڵاودەکرێنەوە وەک هەڵاوسان و گەشەی ئابووری، چاوەڕوان دەکرێت کاریگەرییان لەسەر نرخی زێڕ هەبێت. ئەگەر ئاماری دڵخۆشکەریان لەبارەی گەشەی ئابووری تێدابێت، ئەگەری هەیە نرخی زێڕ دابەزێت. 
 
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (KCM Trades) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئەگەر گەشەی ئابووریی ئەمریکا بەرزبێتەوە و نرخەکانی بەکاربەریش بەرزبوونەوەیان پێوە دیاربێت، بە ئەگەری زۆرەوە بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرزدەبێتەوە، ئەوەش دەبێتە رێگر لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ."
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە کە لە ماوەی درێژخایەن و مامناوەند، نرخی زێڕ ئەگەری هەیە بەرەو بەرزبوونەوەی زیاتر بڕوات، لەبەر ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بە ئەگەری زۆرەوە لە مانگی نۆی ئەم ساڵەوە دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی دەکات.
 
کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.