لە سێ رۆژدا نەوت 5٪ـی بەهاکەی لەدەستداوە

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای سێ رۆژ لە دابەزینی بەردەوام، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکان نرخی نەوت بەرزبووەوە. لە سێ رۆژی رابردوودا ئەو کاڵا ستراتیژییە 5٪ـی بەهاکەی لەدەستداوە. 
 
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە قەبارەی نەوتی کۆگاکراو دەگەڕێتەوە کە لەلایەن پەیمانگەی نەوتی ئەمریکاوە بڵاوکرانەوە و تێیدا دەرکەوتووە، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لەو وڵاتە لە هەفتەی رابردوو کەمیکردووە.
 
مەترسییەکانی پەیوەست بە پچڕانی بەرهەمهێنانی نەوتی کەنەدا دوای رووداوی ئاگرکەوتنەوە، هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە.
 
نرخی نەوتی برێنت 37 سەنت بەرزبووەوە و بە 81 دۆلار و 38 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکا 38 سەنت بەرزبووەوە و بە 77 دۆلار و 34 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نەوتی برێنتی دەریای باکوور لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا بە رێژەی 5٪ بەهای خۆی لەدەستداوە و هەر لەو ماوەیەدا، نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش بە رێژەی 7٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
 
بەپێی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا، هەفتەی رابردوو قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا سێ ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل کەمیکردووە. هاوکات قەبارەی بەنزینی کۆگاکراویش 2.8 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە لە هەمان ماوەدا. 
 
بەپێی کۆمپانیای راوێژکاریی(ING)، کەوتنەوەی ئاگر لە نزیک ناوچە نەوتییەکانی کەنەدا بەرهەمهێنانی نەوتی لەو ناوچانەدا پچڕاندووە. 
 
شرۆڤەکارانی کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دەکەن، "لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە رادەبەدەر فرۆشیاران نەوتیان فرۆشتووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشبینییانەی کە بۆ چارەکی چوارەم لەسەر بەرزبوونەوەی خواست دەکرێن، سرووشتییە نرخی نەوت لە دوای سێ رۆژ دابەزین، ئاراستەی بەرزبوونەوە بگرێتەبەر."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە