نرخی بیتکۆین زیاتر لە هەزار دۆلار دابەزی

رووداو دیجیتاڵ 

نرخی بیتکۆین زیاتر لە هەزار دۆلار دابەزی، بەمەش دوای زیاتر لە مانگێک، نرخەکەی گەیشتەوە خوار 30 هەزار دۆلار.
 
رۆژی دووشەممە، 24-07-2023 نرخی بیتکۆین هەزار و 100 دۆلار دابەزی و هەر بیتکۆینێك بە 29 هەزار و 10 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
دابەزینی نرخی بیتکۆین لەکاتێکدایە، زیاتر لە مانگێک بوو نرخەکەی لە سەروو 30 هەزار دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرا، ئەمەش بەهۆی ئەگەرەکانی زیادنەکردنی سوودی بانکییەوە لە لایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە. 
 
یوگا هاسێگاوان، شارەزای دراوە دیجیتاڵییەکان لە سەکۆی 'بیتبانک' بۆ دراوە دیجیتاڵییەکان دەڵێت: "هێشتا بیتکۆین لە مەودایەکی تەسکدا هەڵبەز و دابەز دەکات، رەنگە ئەو هەڵبەز و دابەزەش تاوەکو کاتی بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا [لەبارەی سوودی بانکییەوە] بەردەوام بێت".
 
هاوکات، نرخی ئیسێریۆمیش، کە دووەم گەورەترین دراوی دیجیتاڵییە، 50 دۆلار دابەزی و بە 1,842 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
دابەزینی نرخی بیتکۆین لەکاتێكدایە، بڕیارە سبەی سێشەممە کۆبوونەوەی دوو رۆژەی لیژنەی بازاڕی کراوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەستپێبکات و کاژێر نۆی شەوی چوارشەممە بڕیاری خۆی لەبارەی سوودی بانکییەوە رابگەیێنێت.