سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر: ئەم ساڵ قەبارەی بازرگانیی ئیمارات و هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت

24-05-2024
هیدایەت جان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر پێیوایە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی کوردستان و ئیمارات زیاتر لەو 500 ملیۆن دۆلارەیە کە کۆنسوڵی ئیمارات ئاماژەی پێداوە و دەشڵێت، "ژوورە بازرگانییەکانی ئیمارات ئامادەکاری دەکەن بێنە هەرێمی کوردستان بۆئەوەی ژینگەی وەبەرهێنانی کوردستان هەڵبسەنگێنن."
 
رۆژی هەینی 24ی ئایاری 2024 گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر میوانی بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 16:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشکێشی کرد و رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی فراوانی لەگەڵ ئیمارات هەیە و لەدوای تورکیا و ئێران زیاترین هاوبەشیی ئابووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە."
 
بەگوێرەی لێدوانی کۆنسوڵی ئیمارات لە هەولێر، ساڵی 2023 ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی کوردستان و ئیمارات 500 ملیۆن دۆلار بووە؛ بەڵام گەیلان حاجی سەعید دەڵێت، "رەنگە ئەو ژمارەیە تەنیا هاوردەکردنی کاڵای ئیماراتی بێت بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام جگە لە بەرهەمی ئیماراتی، کاڵای وڵاتانی دیکەش لەو وڵاتەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بۆیە ئەو ژمارەیە دەبێت زیاتر بێت."
 
ئەو زیاتر روونیدەکاتەوە و دەڵێت، "بەو پێیەی پەیوەندیی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و ئیمارات بەهێزتر بووە و ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای ئیماراتی لقیان لە کوردستان کردووەتەوە، ئەم ساڵ قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی زۆر زیاتر دەبێت لە ساڵانی رابردوو."
 
بە گوتەی سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر، ساڵی 2023 کۆمەڵێک کاڵا و بەرهەمی هەرێمی کوردستان هەناردەی ئەم وڵاتە کرا، واتە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکە دوولایەنەیە، "بەڵام هەناردەی بەرهەمی هەرێمی کوردستان هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستێکی بەرز."
 
لەبارەی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات، گەیلان حاجی سەعید رایگەیاند، "بەشێکی هەرە گرنگی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان وڵاتاندا، هەبوونی پەیوەندییە لەسەر ئاستی باڵا، جا ئەو پەیوەندییانە چەندە فراوانتر بن، ئەوەندەش رەنگدانەوەیان لەسەر پەیوەندیی ئابووری دەبێت و کۆمپانیاکان خۆیان هەوڵدەدەن بێن و لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن، وڵاتی ئیماراتیش یەکێک لەو وڵاتانە بووە هەمیشە دەستپێشخەریی کردووە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکات."
 
سەرۆکی ژووری بازرگانی ئاماژە بە ئامادەکاریی ژوورە بازرگانییەکانی ئیمارات دەکات بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و و دەشڵێت، "لە چوار مانگی رابردوو لە ژووری بازرگانی هەولێر پەیوەندیمان لەگەڵ ژووری بازرگانی دوبەی، فوجەیرە و راسل خەیمە لە ئیمارات کردووە و ئێستا ئەوان خەریکی ئامادەکارین بۆ ئەوەی بێن بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ژینگەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان هەڵبسەنگێنن."
 
ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەبوزەبی و لەگەڵ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات کۆبووەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە