%30ی بودجەی عێراق بۆ مووچەیە

رووداو دیجیتاڵ
 
لە کۆی زیاتر لە 211 تریلیۆن دینار خەرجیی حکومەتی عێراق بۆ ساڵی 2024، زیاتر لە 63 تریلیۆن دیناری بۆ مووچە دەڕوات. واتە نزیکەی 30٪ـی کۆی خەرجییەکان.
 
بەپێی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ خشتەکانی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2024، دەردەکەوێت هاوشێوەی ساڵانی رابردوو مووچە بارگرانییەکی زۆری لەسەر بودجە دروستکردووە.
 
عێراق چوار ملیۆن و 79 هەزار و 906 فەرمانبەری هەیە و زۆربەی خەرجییەکانی حکومەت دەبەن، نزیکەی 90٪ی پارەی مووچەش بۆ هێزە ئەمنییەکان، پەروەردە و فێرکردن، ئیدارە گشتی و خۆجێیەکان و تەندروستی تەرخانکراوە.
 
ئەو کەرتانەی زۆرترین مووچەیان بۆ تەرخانکراوە:
 
-کۆی گشتیی خەرجییەکان: 211 تریلیۆن و 861 ملیار دینار.
 
- مووچە: 63 تریلیۆن و 338 ملیار دینار  (29.8%).
+ مووچەی هێزە ئەمنییەکان (بەرگری و ئاسایش): 26 تریلیۆن و 802 ملیار دینار (42.3%).
+ پەروەردە و خوێندن: 15 تریلیۆن و 117 ملیار دینار (28.8%).
+ ئیدارە گشتی و خۆجێیەکان (پەرلەمان، ئەنجوومەنەکانی پارێزگاکان، ژمارەیەک سندووق، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتەکان و ژمارەیەک دەستە و ئەنجوومەن): 13 تریلیۆن و 254 ملیار دینار (20.9%).
+ تەندروستی: 6 تریلیۆن و 38 ملیار دینار (9.5%)
 
عارف حەمامی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوتوێکردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024، بەهۆی ئەو ژمارانە کاتی زۆری پێدەچێت، بەڵام کەمتر دەبێت لە گفتوگۆکانی ساڵی رابردوو."
 
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەدا تێبینییان لەسەر زۆریی مووچە لە نێو بودجەدا هەیە و دەڵێت: "دەبێت ئەو بوارە کۆنتڕۆڵ بکرێت، چونکە ژمارەی فەرمانبەران بەتایبەت لە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لایداوە."
 
بەپێی بانکی نێودەوڵەتی رێژەی فەرمانبەرانی دەوڵەت نابێت لە 7% بۆ 10% لە کۆی هێزی کار زیاتر بێت، بەڵام بەپێی ماڵپەری (Global economy)ی تایبەتە بە توێژینەوە و ئامار و داتاکانی ئابووری، لە ساڵی 2023دا، هێزی کار لە عێراق زیاتر لە 11 ملیۆن کەس بووە.
 
بەو پێیە ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق کە 4 ملیۆنی تێپەڕاندووە و 37%ـی کۆی هێزی کار پێکدەهێنێت و 30% لە پێوەری بانکی نێودەوڵەتی تێپەڕاندووە.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 19-05-2024 لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا، خشتەکانی بودجەی 2024ـی پەسندکرد و رۆژی سێشەممە 22-05-2024 خشتەکە گەیشتە پەرلەمانى عێراق.
 
کۆی گشتیی بودجەی عێراق 211 تریلیۆن و 861 ملیار و 312 ملیۆن و 504 هەزار دینارە. کۆی گشتیی داهاتەکەشی 147 تریلیۆن و 836 ملیار و 655 ملیۆن و 889 دینارە.