عێراق پشتبەستن بە داهاتی نەوت کەمدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لەکۆی زیاتر لە 147 تریلیۆن دینار لە داهاتە بەدەستهاتووەکانی عێراق بۆ ساڵی 2024، زیاتر لە 120 تریلیۆنیان لە رێگەی نەوتەوەیە، داهاتی ئەمساڵیش بەراورد بە ساڵی رابردوو بە نزیکەی 6٪ کەمتر پشتی بە نەوت بەستووە، بەڵام شارەزایەکی ئابووری دەڵێت، "ئەو ژمارانە وەهمین".
بەپێی بەدواداچوونی رووداو بۆ خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024ـی عێراق، دەردەکەوێت لە بەشی داهاتەکاندا، داهاتە نەوتییەکان کەمتر و داهاتە نانەوتییەکان زیاتر بوون بە بەراورد بە ساڵی رابردوو و بەمشێوەیەیە:
- داهاتەکانی ساڵی 2024:
147 تریلیۆن و 836 ملیار دینار
داهاتە نەوتییەکان
120 تریلیۆن و 496 ملیار دینار (81.5%)
داهاتەکانی نانەوتی
27 تریلیۆن و 340 ملیار دینار (18.49%)
- داهاتەکانی ساڵی 2023:
134 تریلیۆن و 552 ملیار دینار
داهاتە نەوتییەکان:
117 تریلیۆن و 252 ملیار دینار (87.1%)
داهاتە نانەوتییەکان:
17 تریلیۆن و 300 ملیار دینار (12.85%)
نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری و مامۆستای زانکۆی مەعقەل لە بەسرا، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "داهاتەکانی عێراق بەتایبەت نانەوتییەکان وەهیمن و هەموو ساڵێک 10٪ تێپەڕ ناکات، زۆرجار کەمتریشە، بۆیە ئەوەی دەنووسرێت وەکو ژمارە بەدی نایەت، عێراق بەتەواوەتیی لە سەروو 90٪ پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت".
پشتبەستن بە داهاتەکانی نەوت کێشە بۆ عێراق دروست دەکات، زورغام مالیکی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "دەبێت عێراق ستراتیژی هەبێت و پشتبەستن بە داهاتە نەوتییەکان بۆ 50٪ کەمبکاتەوە، چونکە ئاریشەیەکی گەورەیە نەوت کە بەهاکەی دەگۆڕێت جێی متمانە نییە بیکەیتە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتەکانی وڵاتێکی 45 ملیۆن کەسی".
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 19-05-2024 لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا، خشتەکانی بودجەی 2024ـی پەسند کرد و رۆژی سێشەممە 22-05-2024 خشتەکە گەیشتە پەرلەمانى عێراق.
کۆی گشتیی بودجەی عێراق 211 تریلیۆن و 861 ملیار و 312 ملیۆن و 504 هەزار دینارە. کۆی گشتیی داهاتی عێراق 147 تریلیۆن و 836 ملیار و 655 ملیۆن و 889 دینارە.