د. فەرهاد عەلائەدین: عێراق هەوڵدەدات بۆریی نەوت لەگەڵ سێ وڵاتی عەرەبی زیندوو بکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
د. فەرهاد عەلائەدین، راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کاروباری دەرەوە دەڵێت، عێراق هەوڵدەدات بۆریی نەوت لەگەڵ سێ وڵاتی عەرەبی زیندوو بکاتەوە.
د. فەرهاد عەلائەدین لەگەڵ شاندێکدا لە قەتەرە بۆ بەشداریی لە "کۆڕبەندی ئابووریی قەتەر" و بە میدیای ئەو وڵاتەی راگەیاندووە، دانوستاندن هەیە بۆ زیندووکردنەوەی بۆرییەک لەگەڵ سعودیە کە "لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا هەبووە" و بیر لە چالاککردنی بۆرییەکی نەوتیش کراوەتەوە لە رێگەی سووریاوە، جگە لە هێڵی بۆریی بەسرە-عەقەبە، کە ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە لەلایەن راوێژکارانەوە.
ئەم پلانە لەکاتێکدایە دوو مانگە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە وەستاوە.
لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، د. فەرهاد عەلائەدین ئاماژەی بەوەداوە کە لایەنی تورکیا دەڵێت: "گرفتی تەکنیکی" هەیە کە رێگری لە دەستپێکردنەوەی کارەکان دەکات، لە هەمانکاتیشدا ئاماژە بە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا دەکات کە رەنگە ئێستا بەرپرسانی تورکیی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردبێت.
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی: "لایەنی تورکیا سەرەتا داوای کرد دانوستاندن بکرێت لەسەر ئەو 1.5 ملیار دۆلارەی دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس وەک قەرەبووکردنەوەی عێراق بەسەر تورکیا سەپاندوویەتی، بەڵام دواتر پێیان راگەیاندین کە هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆرییەکانی جەیهانەوە بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوەیە".
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رۆژی سێشەممە لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی قەتەر لە لێدوانێکدا رایگەیاندبوو، ئەو 1.5 ملیار دۆلارەی دادگەی نێوبژیوانی پاریس بەسەر ئەنقەرە سەپاندوویەتی، دەکرێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانیشەوە گوتی: "ئێمە ئەنقەرەمان لە ئامادەیی خۆمان بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردنی نەوت لە بەندەری جەیهانەوە ئاگادارکردەوە، ئەوانیش پێیان راگەیاندین کە رەنگە بۆرییەکە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانی پێگەیشتبێت، بۆیە چاوەڕوانی وەڵامی تورکیاین."
لەبارەی گازی سرووشتیشەوە عەلائەدین ئاماژەی بەوەکرد، عێراق هەوڵدەدات بەتەواوی سوود لە گازی هاوەڵی نەوت وەربگرێت کە ئێستا رۆژانە بەرهەمەکەی لەنێوان 1600 بۆ 1800 ملیۆن پێ سێجایە.
وەزیری نەوت لەبارەی گازەوە دوێنێ رایگەیاند، عێراق پڕۆژەیەکی لەگەڵ کۆمپانیای شێڵ هەیە بۆ وەبەرهێنانی گازی هاوەڵی نەوت لە بەسرە. گوتیشی، "قۆناخی یەکەمی وەبەرهێنانەکە نزیکەی 400 ملیۆن پێ سێجا دەگرێتەوە کە لە کۆتایی ئەم مانگە دەستپێدەکات و، قۆناخی دووەمیش لە کۆتایی ئەمساڵدا دەستپێدەکات."