دوای بڕیاری بانکی ناوەندی تورکیا بەهای لیرە بەرزبووەوە

24-05-2018
هەوار ئیسماعیل
نیشانەکردن لیرە
A+ A-

رووداو - هەولێر

دوای بڕیاری زیادکردنی سوو لەلایەن بانکی ناوەندی کۆماری تورکیا، بەهای دۆلار لە  بەرامبەر لیرەی تورکی دابەزی و بە 4،55 لیرە مامەڵەی پێوەکرا. ئەردۆغان دەڵێت، کێشەکە تەنیا پەیوەست نییە بە تورکیاوە بەڵام دەتوانن بەسەریدا زاڵبن. 

پێشتر بەهای دۆلار بەرامبەر لیرە بەرزترین ئاستی لە مێژووی تورکیا تۆمارکرد، بەڵام دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سیاسەتی دراو، بەشێوەیەکی خێرا دابەزینی بەخۆیەوە بینی و بەهای لیرە بەرامبەر دۆلار گەیشتە 4،5550. 

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، بەرز و نزمی دۆلار تەنھا پەیوەندی بە وڵاتەکەیانەوە نییە، بەڵکو کێشەیەکە لە ئاستی جیھانی ھاتووەتەئاراوە. 

ئەردۆغان لە خوانی بەربانگ لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار لەگەڵ پەرلەمانتارانی پێشووی وڵاتەکەی کۆبووەوە و گوتی "پارە ناوخۆییەکانتان بە دۆلار مەگۆڕنەوە. با جوڵەی پارەی ناوخۆ بەردەوامبێت. ھاووڵاتیبوون و نیشتمانپەروەری بەم جۆرەیە". 

لەبارەی ئەو بەرز و نزمییەی بەھای دۆلار، ئەردۆغان رایگەیاند، ھیچ کێشەیەک لە ئارادانییە نەتوانن بەسەریدا زاڵبن.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە