رووداو دیجیتاڵ
یەکێتی ئەورووپا سزای پێبژاردنی 700 ملیۆن یۆرۆی بەسەر ئەپڵ و مێتادا سەپاند کە دەکاتە 800 ملیۆن دۆلار. سزاکە لەسەر ئەپڵ 570 ملیۆن دۆلار و، لەسەر مێتاش 230 ملیۆن دۆلارن.
یەکێتییەکە هۆکاری سزاکە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ئەو دوو کۆمپانیایە یاسای کێبڕکێی دادپەروەرانەیان پێشێلکردووە. سزاکە بەپێی یاسای پاراستنی بازاڕە دیجیتاڵییەکانی ئەورووپایە کە ئامانج لێی دەستەبەرکردنی کارکردنی دادپەروەرانەی کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانە.
ئەم هەنگاوە دەکرێت ناڕەزایەتی و رەخنەی ترەمپ بەدوای خۆیدا بهێنێت کە بەردەوام یاساکانی ئەورووپا بە تووند ناودەبات.
یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت، کۆمپانیای ئەپڵ تواناکانی دیڤیڵۆپەرەکانی ئەپڵیکەیشنە جیاوازەکانی سنووردارکردووە و نەیهێشتووە لە دەرەوەی 'ئاپ ستۆر' بڵاوی بکەنەوە کە تایبەتە بە کۆمپانیاکەی خۆی، بۆیە نەیانتوانیوە سوودی تەواوەتی لە جێگرەوەکان ببینن و ئەوەش وادەکات بەکارهێنەران دەستیان بە بژاردەی هەرزانتر نەگات.
داواشی لە ئەپڵ کردووە ئەو بەربەستانە لە ماوەی 60 رۆژدا لابدات، ئەگەرنا دەکرێت تووشی سزای پێبژاردنی زیاتر ببێتەوە. ئەپڵیش لە بەرامبەردا دەڵێت تانە لە بڕیارەکە دەدات.
هۆکاری سزادانی کۆمپانیای مێتاش ئەو شێوازەی رێکلامکردن بووە کە کۆمپانیاکە بەکاری هێناوە بە ناوی "یان رازی بە یان پارە بدە" کە لە تشرینی دووەمی 2023ـەوە پەیڕەو دەکرێت.
بەپێی ئەم سیاسەتەی مێتا، بەکارهێنەران فەیسبووک و ئینستاگران لە ئەورووپا یان دەبێت رازی بن داتاکانیان بۆ رێکلامکردن بەکاربهێندرێت، یان پارە بدەن تاوەکو لەکاتی بەکارهێنانی ئەو دوو تۆرە کۆمەڵایەتییە، رێکلام نەبینن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ