رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ بەهۆی بەهێزبوونەوەی بەهای دۆلار، دابەزی.
ئەمڕۆ (دووشەممە، 24-3-2025) لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕێژەی 0.2٪ دابەزی و بە 3016 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
هەفتەی رابردوو؛ نرخی زێڕ توانی چەندین جار ئاستی پێوانەیی نوێ تۆماربکات و ئێستا چاوەڕێی هۆکارێکی دیکەیە بۆ ئەوەی بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
بەڵام ئەمڕۆ نرخی دۆلار ی ئەمریکی بەرزبووەتەوە بۆ بەرزترین ئاستی سێ هەفتەی رابردووی خۆی، ئەوەش نرخی زێڕی دابەزاند.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بە زۆری بە جێگری مایەوە و بە 3020 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە مێژوودا و ئۆنسەیەکی بە 3057 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (کەی سی ئێم ترەید)، لەو بارەیەوە رایگەیاند، "کاریگەرییە نەرێنییەکانی شەڕی بازرگانی، دەتوانن وەک هۆکارێکی سەرەکی، نرخی زێڕ دووبارە بۆ ئاستێکی نوێ بەرزبکەنەوە، بەڵام ئەگەری ئاگربەستی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، لەو کاریگەرییانەی کەمکردووەتەوە."
شاندی ئەمریکی، بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ نوێنەرانی رووسیا لەسەر ئاگربەست و وەستانی شەڕ لە ئۆکراینا گفتوگۆبکەن.
لەلایەکی دیکەشەوە؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە نەرمی دەنوێنێت لە کاتی جێبەجێکردنی پێناسە گومرگییە پێچەوانەکان و ئەگەری هەیە هەندێ وڵات ببەخشێت.
واتێرێر لەو بارەیەوە رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا هەندێ ئاماژەی دەڕبڕیوە کە ئەو پێناسە گومرگییانەی کە بڕیارە رۆژی 2 ـی مانگی داهاتوو جێبەجێبکرێن، هێندە زیان بە وڵاتان نەگەیێنن، ئەوەش جوڵەی نرخی زێڕ بەرەو ئاستێکی بەرزتر راگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ