100 دۆلار بە 148 هەزار دینارە
رووداو دیجیتاڵ
بۆ دووەم رۆژی لەسەریەک، نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و لە سلێمانی 100 دۆلار دابەزی بۆ 148 هەزار دینار.
ئەمڕۆ (یەکشەممە, 24-3-2024) حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، نرخی دینار زیاتر بەرزبووەتەوە و ئێستا 100 دۆلار بەرامبەرە بە 148 هەزار و 250 دینار.
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕ، 100 دۆلار بە 148 هەزار و 800 دینار بوو. هاوکات لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانیش، 100 دۆلار بە 148 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
رۆژی هەینی 22-3-2024، کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی 15-4-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات.
وەک کۆشکی سپی دەڵێت، سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی چاکسازییەکانی بواری ئابووریی عێراق دەکەن.
حاجی سابیر دەڵێت، ئەم سەردانەی سوودانی بۆ ئەمریکا، گەشبینی لە بازاڕ زیادکردووە بەوەی ئەمریکا پشتیوانیی عێراق دەکات.
هاوکات دەشڵێت، ئەگەر هیچی لەناکاو روونەدات، پێشبینیی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار دەکەن.
بەرزبوونەوەی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق فرۆشی دۆلاری بە کاش بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردەوە.
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 245 ملیۆن و 545 هەزار و 947 دۆلاری خستەڕوو؛ لەو بڕە، 7 ملیۆن و 818 هەزار و 920 دۆلاری بەشێوەی کاش و، 237 ملیۆن و 727 هەزار و 27 دۆلاریشی بە حەواڵە بووە.
دوێنێ یەکشەممە 23-4-2024، نرخی 100 بۆ کەمتر لە 149 هەزار دینار دابەزی.