دەستەی وەبەرهێنانی عێراق: دواکەوتنی خشتەی بودجەی 2025 کاریگەریی لەسەر پڕۆژەکان دەبێت

24-02-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خشتەی بودجەی ساڵی 2025 هێشتا نەنێردراوەتە پەرلەمان؛ سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، دواکەوتنی پەسند کردنی خشتەکە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ کاریگەریی نەرێنیی لەسەر پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دروستکردووە. راوێژکارێکی سوودانی بڕوای وایە؛ بودجە گشتییە سێ ساڵییەکە زیاتر لە 50%ی پڕۆژە وەستێندراوەکانی پەرەپێدانی خستووەتەوەکار.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 24ی شوباتی 2025 حەیدەر مەکییە، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دواکەوتنی پەسندکردنی خشتەی بودجەی ساڵی 2025 بە شێوەی ناڕاستەوخۆ کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەو پڕۆژانەی وەبەرهێنان دروستکردووە کە لە کارکردندان، چونکە ئەو پڕۆژانە لەلایەن حکومەتەوە پارەدار دەکرێن و راگرتنی پاڵپشتیی داراییش کارکردن لە پڕۆژەکان رادەگرێت."
 
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانی دەڵێت، "بە دیاریکراوی نازانین ژمارەی پڕۆژە پەککەوتووەکان چەندن، بەڵام لە ماوەی ساڵ و نیوێکی رابردوودا، بە گوژمەی 34 ملیار دینار، 249 پڕۆژەی پەککەوتوومان گەڕاندووەتەوە بۆ کارکردن."
 
لە لایەکی دیکەوە د. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت، "پێموانییە دواکەوتنی پەسندکردنی خشتەی بودجەی 2025، کاریگەریی لەسەر لایەنی وەبەرهێنان هەبێت، چونکە خەرجیی وەبەرهێنانەکانی 2025 لە بودجە سێ ساڵییەکەدا تەرخانکراوە."
 
ئەو راوێژکارەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەشڵێت، "ئەگەر بەشێکی ئەو پڕۆژانەی ئێستا هەن، جێبەجێکراویش نەبن، ئەوا لە بنەڕەتدا لەنێو ئەو پڕۆژە پەسندکراو و بەردەوامانەدان کە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵیی ژمارە 6ی ساڵی 2019ی هەموارکراو دەیانگرێتەوە و پارەیان بۆ دابینکراوە."
 
بە گوتەی د. مەزهەر محەممەد ساڵح، "بودجە گشتییە سێ ساڵییەکە وەکو پلانێکی دارایی تۆکمە، وڵاتی بووژاندەوە، زیاتر لە 50%ی ئەو پڕۆژانەی پەرەپێدانی خستەوەکار کە کارکردن تێیاندا راوەستابوو."
 
خشتەی بودجەی ساڵی 2025 هێشتا نەنێردراوەتە پەرلەمانی عێراق. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "نازانین خشتەکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانە یان وەزارەتی دارایی؛ ئەوەش نازانین چ کاتێک دەنێردرێتە پەرلەمان، بەڵام دەبوو ئێستا ئەو خشتەیە لە پەرلەمان بووایە بۆ گفتوگۆ لەسەرکردن و پەسندکردنی."
 
سەرچاوەیەکیش لە پەرلەمانی عێراقەوە بە رووداوی گوت، "لەو باوەڕەدانین کە خشتەی بودجەی 2025 بگاتە پەرلەمان، چونکە لە بەرەبەری هەڵبژاردنداین و هەر لایەنە و ترسی ئەوەی هەیە کە لایەنی بەرامبەری موزایەدە بە خشتەکەوە بکات بۆ بەدەستهێنانی جەماوەر و دەنگ لە هەڵبژاردندا."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زێڕ. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە 705 هەزار دینارە

نرخی زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە، لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیەدا ئاستێکی نوێی پێوانەیی تۆمارکرد و ئۆنسەیەکی بۆ 3395 دۆلار بەرزبووەوە کە بەرزترین ئاستیەتی لە مێژووی مامەڵەکانی ناو بازاڕدا. یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە 705 هەزار دینارە.