رووداو دیجیتاڵ
پار تورکیا بایی 197 ملیۆن دۆلار مزرەمەنی هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە.
ئەنجوومەنی هەناردەکارانی دەریای نێوەڕاست لە تورکیا ئاماری هەناردەی 2024ی مزرەمەنییەکانی بۆ وڵاتانی جیهان بڵاوکردەوە. بەپێی ئامارەکە، عێراق و هەرێمی کوردستان لە ریزبەندیی دووەمی هەناردەکارییەکانی تورکیان و تەنیا دوای رووسیا دێت.
بەپێی ئامارەکە، پار تورکیا یەک ملیۆن و 639 هەزار تۆن مزرەمەنیی هەناردەی وڵاتان کردووە؛ داهاتەکەش یەک ملیار و 46 ملیۆن و 128 هەزار دۆلار بووە.
زۆرترین مزرەمەنی هەناردەکراوی تورکیا بۆ وڵاتان لالەنگی، لیمۆ، پرتەقاڵ و سندی بووە.
ئەنجوومەنەکە دەڵێت، لە ساڵی 2024دا رووسیا بە 375 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی یەکەمی هەناردەکارییەکانی تورکیا بووە، عێراق بایی 197 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی دووەم بووە، ئۆکراینا بە 108 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی سێیەم، رۆمانیا بە 49 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی چوارەم و پۆڵەندا بە 48 ملیۆن دۆلار لە ریزبەندی پێنجەمدا شوێنی خۆی گرتووە.
هەر بەپێی ئامارەکە، لە ساڵی 2024دا تورکیا بایی 3 ملیار و 401 ملیۆن دۆلار، سەوزە و میوەی هەناردەی وڵاتان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ