رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی گرژییەکان لە دەریای سوورەوە، عێراق دوای زیاتر لە ساڵێک بووەتەوە گەورەترین هەناردەکاری نەوت بۆ هیندستان و پێش رووسیا کەوتووەتەوە.
بەپێی ئاماری دەزگای S&P Commodities at Sea کە تایبەتە بە چالاکییە ئابووری و بازرگانییە دەریاییەکان، تاوەکو 22ـی ئەم مانگە، عێراق رۆژانە 1.17 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی هیندستان کردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە تاوەکو هەمان رێککەوت، رووسیا رۆژانە 1.09 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەو وڵاتە کردووە.
لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2022ـەوە و بەهۆی لێکەوتەکانی شەڕی ئۆکرایناوە، رووسیا پێش عێراق کەوتبووەوە و ببووە گەورەترین هەناردەکاری نەوت بۆ هیندستان.
هاردیپ سینگ، وەزیری نەوت و گازی هیندستان سەرەتای ئەم مانگە ئاماژەی بەوە دابوو، چیدیکە نرخی نەوتی رووسی دڵخوازی وڵاتەکەی نییە بەراورد بە نەوتی عێراق، ئەوەش پاڵاوگە هیندییەکانی هان دا بەدوای سەرچاوەی جێگرەوەی نەوتی رووسیدا بگەڕێن.
وەک بەشێک لە بازرگانانی بازاڕی نەوت دەڵێن، ترس لە پچڕانی کەشتیوانیی لە دەریای سووریش دەکرێت کاریگەریی هەبووبێت لە کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی رووسیا بۆ هیندستان.
20ـی ئەم مانگە، ئاژانسەکانی چاودێریی کەشتیوانی رایانگەیاند، بەهۆی گرژییەکانی دەریای سوورەوە، هەناردەی شەش ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراق دواکەوتووە.
لە بەرامبەردا حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، هەناردەی نەوتی عێراق نەکەوتووەتە ژێر کاریگەریی هێرشەکانی ئەم دواییەی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور.
عەبدولغەنی بەڵگەی قسەکانی بەوە دەهێنێتەوە کە نزیکەی 90٪ـی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بۆ ئاسیا دەچێت، بۆیە پێویستیان بەوە نییە بە دەریای سووردا تێپەڕن.
بەپێی ئامارەکانی ڤۆرتێکسای تایبەت بە بەدواداچوونی وزە، هیندستان لە مانگی کانوونی دووەمی 2021ـدا تەنیا 36 هەزار و 255 بەرمیل نەوتی خاوی لە رۆژێکدا لە رووسیاوە هاوردە کردووە، ئەوەش لەکاتێکدایە لەو مانگەدا هیندستان یەک ملیۆن و 50 هەزار بەرمیلی نەوتی لە عێراق و 952 هەزار و 625ـیشی لە سعودیەوە هاوردەکردبوو.
بەڵام دواتر بەهۆی سنووردارکردنی نرخی نەوتی رووسیا لە لایەن کۆمەڵەی G7ـەوە، رووسیا ئاراستەی هەناردەی نەوتەکەی بەرەو رۆژهەڵات گۆڕی و، لەدوای تشرینی یەکەمی ساڵی 2022ـەوە، هەنارەی نەوتی رووسیا بۆ هیندستان گەیشتە ملیۆنێک بەرمیل نەوتی رۆژانە و، هەناردەی نەوتی عێراقیش بۆ ئەو وڵاتە بۆ خوار ملیۆنێک بەرمیل دابەزی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ