نیگەرانی لە هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، بازاڕەکانی ئەوروپای داڕماندووە

24-01-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دووشەممە بەهای بازاڕەکانی بۆرسەی ئەوروپا بە رەنگی سوور کرانەوە. نیگەرانی لە هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا و کاردانەوەی تووندی وڵاتانی رۆژئاوا لە بەرامبەر رووسیا، بازاڕەکانی ئەوروپای بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزاند.
 
پێنوێنی Stoxx 600 کە هێمایەکە بۆ بازاڕەکانی بۆرسەی 17 وڵاتی ئەوروپی کە بە ناوچەی یۆرۆ دەناسرێن و دراوی هاوبەشی یۆرۆ بەکاردەهێنن، رۆژی دووشەممە بە رێژەی 1.4٪ دابەزی. لەم نێوەندەدا پشکی کۆمپانیاکانی پەیوەست بە گەشتوگوزار زیاترین دابەزینیان بەخۆوە بینی و بە رێژەی 3.2٪ دابەزین.
 
دابەزینی بەهای بازاڕەکانی بۆرسەی ئەوروپا لە دوای دابەزینی بەهای پشکەکان لە بازاڕەکانی بۆرسەی ئاسیا دێت کە ئەوانیش بەهەمان شێواز لەبەر تەشەنەکردنی ناکۆکییە جیۆسیاسییەکانی پەیوەست بە رووسیا و ئۆکراینەوە دابەزین.
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشداریداوە بە رووسیا ئەگەر تەنانەت یەک سەربازی ئەو وڵاتە سنوورەکانی ئۆکراینا بەمەبەستی هێرشکردن ببەزێنێت، ئەوا کاردانەوەی تووند و خێرا و یەکگرتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەوروپای بەدواوە دێت.
 
هەروەها بەپێی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جێرناڵ، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بژارەی هەزاران هێزی سەربازی لە چوارچێوەی هێزەکانی ناتۆ بۆ رۆژهەڵاتی ئەوروپا تاوتوێ دەکات. بەپێی وۆل ستریت، ئەو هێزانە فڕۆکە و کەشتیی جەنگیش لەخۆ دەگرن.
 
نیگەرانییە جیۆسیاسییەکانی پەیوەست بە رووسیا و رۆژئاوا، کاریگەریی بەرچاوی لەسەر بازاڕی نەوت دانا.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوتی برێنت 81 سەنت بەرزبووەوە هەر بەرمیل بە 88 دۆلار و 70 سەنت مامەڵەی پێوەکراوە. هەروەها بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسیش 72 سەنت بەرزبووەوە بە 85 دۆلار و 86 سەنت مامەڵەی پێوەکراوە.
 
هەفتەی رابردوو نرخەکانی نەوت بە رێژەی 2٪ بەرزبوونەوە. لەم مانگەشدا تێکڕا نرخەکانی نەوت بە رێژەی 10٪ بەرزبوونەتەوە.
 
کازۆهیکۆ سایتۆ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری فۆجیتۆمی لەو بارەوە رایگەیاند، بازرگانانی نەوت بە وریارییەوە چاودێریی رەوشی جیۆسیاسی نێوان رووسیا و ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی دەکەن. هەروەها ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش بوونەتە هۆکار کە بازرگانانی نەوت پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکانی نەوت بکەن.
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە داوای لە دیپلۆماتەکانی لە ئۆکراینا کرد کە ئەندامانی خێزانەکانیان لەو وڵاتە بگەرێننەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها داوای کرد کارمەندانی حکومەتی ئەمریکا بە شێوازی سەربەستانە ئۆکراینا بەجێبهێڵن.
 
رووسیا نزیکەی 100 هەزار هێزی سەربازی لە سنوورەکانی ئۆکراینا جێگیر کردووە مەترسیی پێکدادانی لەگەڵ وڵاتە رۆژئاواییەکان دروستکردووە. هەرچەندە حکومەتی رووسیا رایگەیاندووە کە هیچ پلانێکی بۆ هێرشکردنەسەر ئۆکراینا نییە، بەڵام باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئۆکراینا رایگەیاندووە هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە ئانوساتدایە و ئەگەر رووبدات حکومەتی ئەمریکا لە بارودۆخێکدا نابێت کە توانای گواستنەوەی هاووڵاتییانی ئەمریکی و کارمەندانی خۆی بێت.
 
لەلایەکی دیکەوە دۆمێنیک راب، جێگری سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاندووە، رووسیا رووبەڕووی سزای تووندی ئابووری دەبێتەوە، ئەگەر رژێمێکی لایەنگری خۆی لە ئۆکراینا لە دەسەڵات سەربخات.
 
بەپێی شرۆڤەکاران هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا کاریگەریی گەورەی لەسەر چەندین بازاڕی وەک بازاڕی وزە، نەوت و گاز و هەروەها بازاڕی گەنم و بازاڕی قەواڵە داراییەکانیش دەبێت.
 
بازاڕی قەواڵە داراییەکان بەتایبەت لەبەر ئەوەی کە بە وەبەرهێنانی درێژخایەن و سەلامەت هەژماردەکرێن، گەورەترین کاریگەرییان دەکەوێتەسەر. پێشتر بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی رێژەی هەڵاوسان سوودی سەر قەواڵە داراییەکان زۆر بەرزبوونەتەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا شەپۆلێکی نوێی کڕینی قەواڵە داراییەکان دروستبکات.
 
ئێستا سوودی سەر قەواڵە داراییە 10 ساڵییەکانی گەنجینەی ئەمریکا بەرەو ئاستی 1.73٪ دەڕوات و هێرشی رووسیا بۆ ئۆکراینا ئەگەر رووبدات ئەو رێژەیە تەنانەت بەرزتر دەکاتەوە لە بەرزترین ئاستی خۆی لە دوای ساڵی 2016ـەوە و پێشبینی دەکرێت 2٪ یش تێپەرێنێت.
 
ئەگەر هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا رووبدات، نرخی نەوت و گازی سرووشتی بەخێرایی بەرزدەبنەوە لەبەر ئەوەی یەکێک لە بژارەکانی وڵاتانی رۆژئاوا سەپاندنی سزایە بەسەر کۆمپانیاکانی نەوت و گازی رووسیا.
 
ویلایە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیوەندیی بە بەشێک لە وڵاتانی گەورەی بەرهەمهێنەری گازی شل لە کەنداوەوە کردووە کە پێکەوە ئامادەکاری بکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وڵاتانی ئەوروپی بە گازی سرووشتی ئەگەر هاتوو گازی رووسیا بۆ ئەوروپا پچڕا.
 
ئێستا رووسیا 35٪ـی گازی ئەوروپا دابیندەکات. بانکی جەی پی مۆرگەنی ئەمریکی لەو بارەیەوە دەڵێت، هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا نرخی نەوت بەرزدەکاتەوە بۆ 150 دۆلار و گەشەی ئابووریی جیهان بە رێژەی 0.9٪ کەمدەکاتەوە و رێژەی هەڵاوسانیش لە جیهان بۆ 7.2٪ بەرزدەکاتەوە.
 
زۆر ئاشکرایە سامانە سەلامەتەکانی وەک زێڕ و دراوی یەنی ژاپۆنیش کە پێشبینی دەکرا لە 2022 بەهاکانیان دابەزێت، لە ئەگەری هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بەرزدەبنەوە. بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە دوو هەفتەی رابردوودا یەکێکە لە لێکەوتەکانی ئەو ئاڵۆزییانە لەسەر بازاڕی زێڕ.
 
کاریگەریی ئاڵۆزییەکان لەسەر بازاڕی دانەوێڵە
 
بازاڕی ماددە خۆراکییەکان و دانەوێڵە یەکێکی دیکە لەو بازاڕانەیە کە بە تووندی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەگەری هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا.
 
پێشتر لەبەر پەتای کۆرۆنا و کێشەکانی پەیوەست بە گواستنەوە نرخی دانەوێڵە و خۆراک بەرزبوونەتەوە، بەڵام ئەمە دەکرێت هێشتا نرخەکان بەرەو ئاستێکی نوێ لە بەرزبوونەوە هانبدات.
 
ئۆکراینا، رووسیا، کازاخستان و رۆمانیا چوار گەورە هەناردەکاری دانەوێڵەن ئەگەر رووبەڕووبوونەوەی سەربازی رووبدات، کێشەی گەورە لە بازاڕی دانەوێڵە درووستدەبێت.
 
بەپێی داتاکانی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی دانەوێڵە، رووسیا گەورەترین هەناردەکاری گەنمە لە جیهان. هەروەها ئۆکراینا چوارەم هەناردەکاری گەنمی جیهانە و سێیەم گەورەی هەناردەکاری گەنمەشامی جیهانیشە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە جنێڤ. وێنە: AFP

عێراق تاوتوێی بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەکات

دوای زیاتر لە 16 ساڵ راوەستان، عێراق دانوستاندنەکانی بۆ بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەستپێدەکاتەوە. بەڕێوەبەی گشتی پەیوەندییەکانی بازرگانیی دەرەکی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: خۆیان بۆ کۆبوونەوەی سێیەم لەگەڵ تیمی تایبەت بۆ بەئەندامبوونی عێراق ئامادە دەکەن.