هەناردەی دەروازەی سنووریی مێهران یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاند

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای ئیلام دەڵێت، لە نۆ مانگدا، بایی زیاتر لە یەک ملیار و 181 ملیۆن دۆلار کاڵا لە دەروازەی سنووریی مێهرانەوە هەناردە کراوە. راشیگەیاند رۆژانە 600 بارهەڵگر لە دەروازەکە بەرەو عێراق دەچن.
 
دووشەممە 23-12-2024، سوهراب کەمەری، بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە سەرەتای نەورۆزەوە تاوەکو 21-12-2024، زیاتر لە دوو ملیۆن و 46 هەزار 389 تۆن کاڵا و شتومەک لە دەروازەی سنووریی مێهرانەوە، هەناردەی عێراق و وڵاتانی دیکە کراوە.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی ئیلام، لەو نۆ مانگەدا، بەهای کەلوپەلە هەناردەکراوەکان لە دەروازەی سنووریی مێهرانەوە، یەک ملیار و 181 ملیۆن و 391 هەزار و 195 دۆلار بووە. رۆژانە لە رێگەی 600 بارهەڵگرەوە، کاڵا و شتومەک لە دەروازەی سنووریی مێهرانەوە، گواستراوەتەوە عێراق.
 
سوهراب کەمەری گوتی، ئەو شتومەکەی لە رێگەی دەروازی سنووریی مێهرانەوە هەناردە کراون، بریتین لە کەرەستەی کشتوکاڵی، چیمەنتۆ، کاشی، بەرد، شیش و ئاسن و بەرهەمە پلاستیکییەکان.
 
دەروازەی سنووریی مێهران بە دووری 85 کیلۆمەتر کەوتووەتە باشووری رۆژئاوای شاری ئیلام و لە دیوی عێراقەوە دەکەوێتە سنووری پارێزگای واست و ناوی (زڕباتیە)یە.