ئەپیکور بۆ رووداو: زیانی وەستاندنی هەناردەی نەوت گەیشتووەتە نزیکەی 24 ملیار دۆلار
رووداو دیجیتاڵ
مایڵز کاگنز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) بە رووداوی راگەیاند، زیانی وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا گەیشتووەتە "23 تاوەکو 24 ملیار دۆلار."
گوتەبێژەکەی ئەپیکور دەڵێ بڕیاری دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرخ لە بەغدا بۆ پووچەڵنەکردنەوەی گرێبەستە نەوتییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکا نێودەوڵەتییەکان، دەبێتە هۆی نەمانی نیگەرانیی بەرپرسانی عێراق، کە پێشتر گومانیان لە یاساییبوونی گرێبەستەکان هەبوو.
ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی نەوت لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، 18ـی ئەم مانگە سەرکەوتنێکی یاسایی گەورەیان لە بەغدا بەدەستهێنا، دوای ئەوەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرخ داوایەکی وەزارەتی نەوتی عێراقی رەتکردەوە و بڕیارەکانی پێشووی دادگەی هەڵوەشاندنەوە، کە گرێبەستەکانی نێوان ئەو کۆمپانیایانە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بە پووچەڵ هەژمارکردبوو.
دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرخ بە دەرکردنی ئەو بڕیارە، کۆتایی بە هەڵمەتی یاسایی وەزارەتی نەوتی عێراق لەدژی 9 کۆمپانیا هێنا، کە بریتین لە کۆمپانیاکانی؛ ئەداکس، دانە گاز، دی ئێن ئۆ، گازپڕۆم نەفت، گەنەل ئینێرجی، گەڵف کیستۆن، ئێچ کەی ئێن، شاماران و وێسترن زاگرۆس.
لە بووڵتەنی کاژێر 07:00ـی رووداودا کە نالین حەسەن پێشكێشیکرد، کاگنز گوتی "ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی نەمانی کێشەیەک کە لە پشت پەردەوە باس دەکرا. گوێمان لە بەرپرسانی بەغدا دەبوو نیگەرانییان دەردەبڕی لەبارەی ئەوەی؛ ئایا گرێبەستەکانمان یاسایین یان نا؟"
گوتیشی "ماوەی چەندین ساڵە ئێمە دەڵێین گرێبەستەکانمان یاسایین و دادگەی نێوبژیوانیی لەندەن پشتیوانییان لێ دەکات. ئێستا لە عێراق هەموو کەسێک تێگەیشت گرێبەستی نێوان کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و حکومەتی هەرێمی کوردستان باش، دادپەروەر و یاسایین. "
"23 - 24 ملیار دۆلار زیان"
25ـی ئاداری 2023، هەناردەی 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا بۆ بەندەری جەیهان وەستا، ئەوەش دوای ئەوەی دادگەیەکی نێوبژیوانی لە پاریس رایگەیاند، تورکیا بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بێ رەزامەندی حکومەتی فیدراڵیی عێراق، رێککەوتنێکی ساڵی 1973ـی پێشێلکردووە.
لەو کاتەوە، بە گوتەی کاگنز، وەستانەکە "23 ملیار تاوەکو 24 ملیار" دۆلار زیانی لە داهاتی عێراق و هەرێمی کوردستان داوە.
کاگنز گوتی "ئەم زیانە کاریگەریی لەسەر کۆمپانیای نەوتی باکووری عێراقیش هەیە. ئەو کۆمپانیا نەوتییە پێشتر لە کەرکووک رۆژانە زیاتر لە 55 هەزار بەرمیل نەوتی دەخستە نێو هەمان ئەو بۆڕییە نەوتەوە، کە کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان بەکاریدەهێنن."
کەی هەناردەی نەوت دەستپێدەکاتەوە؟
ئەوەی بووەتە رێگر لە بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەکە، ئەوەیە؛ بەغدا و هەولێر لە سەر تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان رێکنەکەوتوون.
بەگوێرەی یاسای بودجەی فیدراڵیی عێراق، تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت، نزیکەی 7 دۆلار دەکەوێت، بەڵام کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و هەولێر دەڵێن، بەهۆی سرووشتی شاخاویی هەرێمی کوردستان، تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە لە کێڵگەکانیدا زیاترە.
بۆ تێپەڕاندنی ئەو بەربەستە، حکومەتی عێراق پێشنیازی کردووە ماددەی 12ـی یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە و، تێچووەکە بە 16 دۆلار دابنرێت.
گوتەبێژی ئەپیکور روونیکردەوە، سەرەتا پێویستە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ هەموارەکە بکات و پەسەندی بکات.
پەرلەمانی عێراق ئێستا لە پشوودایە و مانگی داهاتوو دەست بە کۆبوونەوەکانی دەکاتەوە.
کاگنز گوتی، دوای پەسندکردنی هەموارەکە، "ماوەیەکی 60 رۆژی دەستپێدەکات کە تێیدا گرووپێکی سەربەخۆ دێت و هەڵسەنگاندن دەکات، تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەر کێڵگەیەکی نەوتی هەرێمی کوردستان دیاریدەکات. کاتێک هەموو ئەو کارانە کران، مەزەندەیەکی باشی تێچووی هەر بەرمیلێک نەوتمان دەبێت کە پێویستە کۆمپانیاکان وەریبگرن."
بەربەستەکانی دیکە
بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی ئەپیکور دەست بە بەرهەمهێنان بکەنەوە، کاگنز گوتی "پێویستە هەندێ کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و وەزارەتی نەوت بکەین تاوەکو رێککەوتنی کۆتایی بکەین بۆ ئەوەی گەرەنتی دانەوەی پارەی پێشوو و داهاتووش بکەین."
بە گوتەی کاگنز، حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە یەک ملیار دۆلار قەرزاری کۆمپانیاکانیانە.
باسی لەوەش کرد کە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەیانەوێت هەولێر و بەغدا گەرەنتییان پێ بدەن نەک تەنیا ئەو پارەیان دەدرێتەوە، بەڵکو دڵنیایشیان پێ بدرێت لەسەر چۆنیەتیی پێدانی پارەی فرۆشتنی نەوتی داهاتوو، کە بۆ یەکەمین جار کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) سەرپەرشتیی راستەوخۆی دەکات.