وەزارەتی پلاندانانی عێراق: هەولێر و بەغدا لەسەر بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەکان رێککەوتوون
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان رێککەوتوون. لەبارەی سەرژمێرییەوە، عەبدولزەهرە هینداوی رایگەیاند، "لە رۆژی 20ـی تشرینی دووەمی 2024 دەکرێت و خانەی پرسیاری نەتەوەش لە فۆرمی سەرژمێری لادراوە".
رۆژی دووشەممە، 11-12-2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ژمارەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیران، ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسانی حکومەتی عێراق کرد، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکان پرسی دەروازە سنوورییەکان بوو، یەکێک لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ وەزیری پلاندانان بوو. لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیە، عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە رووداوی گوت، "کۆبوونەوەکە سێ کاژێری خایاند، تێیدا چەندین مژار و بابەتی زۆر گرنگ گفتوگۆیان لەبارەوە کرا کە پەیوەندییان بە سیاسەتی گومرگی لەسەر ئاستی نیشتمانییەوە هەبوون."
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق زیاتر باسی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی کرد و گوتیشی، "تاوتوێی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان بە هەموو پێکهاتە و بەشەکانیانەوە کرا کە مەبەستمان لێی دەروازەکانی وشکانی و دەریاوانی و ئاسمانییە، بە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانیشەوە. لە بەرامبەردا پێنج بۆ شەش دەروازەی وشکانی دیکەش لە هەرێمی کوردستان هەن. ئەم بابەتانە بە وردی قسە و باسیان لەبارەوە کرا و لایەنەکان بیروڕایان لەبارەی بەڕێوەبردنی ئەم بەشە گرنگانەی دەوڵەت ئاڵوگۆڕکرد. سیاسەتێکی یەکگرتوو هەن بۆ بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیانە و لایەنەکانیش لێکتێگەیشتنی باشیان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان هەبوو".
هینداوی ئاشکراشی دەکات، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان، لیژنەیەکی هاوبەش کە لەنێو کۆبوونەوەکەدا پێکهێنرا، راسپێردرا بۆ ئەوەی بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە جێبەجێ بکرێت. دەشڵێت، "رێککەوتن کرا دوای مانگێکی دیکە کۆبوونەوەی دووەم ئەنجام بدرێت واتە لە مانگی داهاتووی ساڵی نوێدا بکرێت بۆ بەدواداچوون لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی یەکەم لەلایەن لیژنەی راسپێردراو، بەمەبەستی پەسندکردن و واژۆکردنی ئەو بڕیارانەی دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە، دواتر بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز بکرێتەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، "لە راستیدا ئەو لێکتێگەیشتنەی لەنێوان ئەندامانی هەردوولایەندا هەبووە، زۆر گرنگە و دەبێتە وەرچەرخانێکی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی زۆربەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە دەروازە سنوورییەکاندا لە پرسی هاوردەکردنی کاڵاکان و یەکگرتنی پێناسە گومرگییەکان و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەندیدار بە دەروازە سنوورییەکانەوە".
لەبارەی تێبینییەکانی حکومەتی عێراق لەسەر دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، هینداوی نەیشاردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا "زۆر بەڕاشکاوی گفتوگۆکانیان لەسەر هەموو بابەتە پەیوەندیدارەکان کرد و لێکتێگەیشتنێکی بەرچاو هەبوو بۆ سەرجەم پرسەکانی پەیوەندیدار بە دەروازە سنوورییەکان و سیاسەتی گومرگی. لە کۆتاییدا ژمارەیەک رێککەوتن لەنێوان هەردوولایەندا کرا، رێککەوتنی باش و کەشێکی ئەرێنی هەبوو."
لە پلانی حکومەتی عێراقدایە دەروازە سنوورییەکان بە ئەلیکترۆنی بکات، لەبارەی هەنگاوەکانی ئەم پڕۆژەیەش، هینداوی دەڵێت "حکومەت لەم بوارەدا بەڕاستی زۆر رژدە بەتایبەتی دەستەی دەروازە سنوورییەکان کاری بەردەوام دەکەن و شەونخونی دەکەن."
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ رووداو جەجت لە بەڕێوەچوونی سەرژمێری لە ساڵی داهاتوو دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات "سەرژمێری بۆ عێراق پڕۆژەیەکی زۆر گرنگە، بەهۆی ئەوەی پێویستمان بە داتا و زانیاریی زۆر هەیە کە بەهۆی ئەنجامنەدانی سەرژمێرییەکان، زانیاری و داتا زۆر پێویستەکانمان بەردەست نییە. ئامادەکارییەکان بەردەوامن، پلانی تۆکمەمان داڕشتووە بۆ ئەوەی سەرژمێرییەکە لە رۆژی 20ـی تشرینی دووەمی 2024 بکرێت. بەمەش کەمتر لە ساڵێک ماوە ئەم پڕۆژە زۆر گەورەیە جێبەجێ بکەین و ئەو ماوەیەش کە لەژێر دەستماندایە ناچارمان دەکات کاری وردتر و شەونخونی زیاتری بۆ بکەین بۆ ئەوەی ژێرخانێکی بەهێزی بۆ دابمەزرێنین و زەوینەی بۆ خۆش بکەین".
یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەی سەرژمێری لە عێراق، خانەی نەتەوە بوو لە فۆرمی سەرژمێری، بەڵام وەک عەبدولزەهرە هینداوی ئاشکرای دەکات "ئەم پرسیارە لە فۆڕمی پرسیار و وەڵامی پرۆسەی سەرژمێرییەکە لادرا و نەماوە. لەسەر ئاستی نیشتمانییدا سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆک بوون لەسەر لادانی ئەم خانەیە و ئیدی لە فۆڕمی پرسیار و وەڵامی پرۆسەی سەرژمێریکردندا، خانەی نەتەوە سڕدرایەوە. بەمەش توانیمان ئەم کێشەیەی کە ساڵی 2010 رووبەڕوومان بووەوە و بەهۆیەوە بووە بەربەست بۆ ئەنجام نەدانی سەرژمێریکردن، چارەسەری بکەین".
گوتیشی "ئەمساڵ پرۆسەکە 100 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە و ساڵی داهاتووش پێویستمان بە 200 تاوەکو 250 ملیار دیناری دیکە دەبێت، بەڵام حکومەت پارەدارکردنی پرۆسەکەی لە ئەستۆگرتووە و کێشەی داراییمان نییە".