بانکی ناوەندیی عێراق فرۆشی نەختینەی دۆلار کەمدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بانکی ناوەندی سیاسەتی کەمکردنەوەی فرۆشی دۆلار و دراوە بیانییەکانی لەپێناو رێگەگرتن بۆ بەقاچاخبردنی دۆلار و خۆلادان لە سزاکان گرتووتەبەر و ئەگەری هەیە فرۆشی نەختی نەمێنێت.
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ژمارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، دەردەکەوێت لەم مانگەدا بڕی فرۆشی نەختی دۆلار زیاتر کەمبووەوە، لەم مانگەدا رۆژی 3ـی ئەیلوول، دوێنێ 22ـی ئەیلوول، کەمترین بڕی فرۆشی نەختی دۆلار هەبووە.
 
لە رۆژی 3ـی ئەیلوولی 2024، بانکی ناوەندی لە کۆی 256 ملیۆن دۆلار، تەنیا 6 ملیۆن و 300 هەزار دۆلاری بە نەخت فرۆشتووە، کە تەنیا 2.4٪ـی کۆی فرۆشراوەکانی دراوی بیانیی پێکدەهێنێێت.
 
لە رۆژی یەکشەممە، 22ـی ئەیلوول، بانکەکە لەکۆی زیاتر 260 ملیۆن دۆلار تەنیا 6 ملیۆن و 800 ملیۆن دۆلاری بە نەخت فرۆشتووە کە 2.6٪ـی کۆی فرۆشراوەکانی لە دراوی بیانی پێکدەهێنێت.
 
لەکاتێکدا زۆرترین بڕە دۆلاری فرۆشراوی بەنەختی ئەم مانگە رۆژی دووشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2024 بووە، لە کۆی زیاتر لە 222 ملیۆن دۆلاری فرۆشراوی ئەو رۆژە بووە، 34 ملیۆن و 900 هەزار دۆلاری بە نەخت بووە.
 
بانکی ناوەندیی عێراق، دوێنێ یەکشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2024، 260 ملیۆن و 796 هەزار دۆلاری خستە بازاڕەوە، لەو بڕە زیاتر لە 253 هەزار دۆلاری لە رێگەی حەواڵەوە فرۆشتووە، واتە زیاتر لە 97٪ـی کۆی فرۆشی دۆلاری لەرێگەی حەواڵەوە بووە.
 
محەممەد نووری، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بانکی ناوەندی دەیەوێت لەرێگەی زیادکردنی فرۆشتنی دۆلار بە حەواڵە رێگری لە بەکارهێنانی دۆلار لە بازاڕی هاوتا و قۆستنەوەی لەلایەن بەشێک لە بازرگانانی دراو و خراپ بەکارهێنانی ئەو دراوە بگرێت."
 
گوتیشی: "بانکی ناوەندیی دوای کۆنتڕۆڵکردنی پرسی حەواڵەی دراو، بەرەو ئەوە دەچێت سەرجەم فرۆشی دۆلاری بە رێگە حەواڵە بێت."
 
بانکی ناوەندیی عێراق بۆ رێگری لە دابەزینی زیاتری بەهای دینار لە ساڵی رابردووەوە ژمارەیەک رێککاری گرتووەتەبەر لەوانە توندکردنی رێکارەکانی فرۆشتنی دۆلار و دراوەکانی بیانی، ئەوەش دوای لیستی سزاکانی ئەمریکا کە بەهۆیەوە نزیکەی 20 بانکی عێراقی زەرەرمەند بوون و لە پێدانی دۆلار بێبەشبوون بەهۆی فرۆشتنی دۆلار بەو وڵات و لایەنانەی سزای ئەمریکایان لەسەرە.