رووداو دیجیتاڵ
نێوەڕاستی مانگی داهاتوو کۆڕبەندێکی پیشەسازی و کانزاکاری لە عێراق بەڕێوەدەچێت و کۆمپانیا کوردستانییەکانیش دەتوانن بەشداری بکەن. گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازیی عێراق دەڵێت، ئەم ساڵ "ساڵی کانزاکارییە" و وەبەرهێنانی تێدا دەکەن.
زوحا جبووری، گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازیی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 9:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشکێشی کرد گوتی، 12 و 13ـی مانگی داهاتوو یەکەمین کۆڕبەندی پیشەسازی و کانزاکاریی نێودەوڵەتی لە شاری بەغدا بەڕێوەدەچێت.
بە گوتەی جبووری، لە کۆڕبەندەکەدا کۆمەڵێک دەرفەتی وەبەرهێنان لەو بوارانە دەخرێنەڕوو. ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای نێوخۆیی، عەرەبی و بیانیش تێیدا بەشدار دەبن.
ئەو گوتەبێژە دەڵێت، ژمارەیەک کۆمپانیای بیانی و عەرەبیی تایبەت بە پیشەسازییە ستراتیجییەکان خۆیان تۆمارکردووە و پرۆسەی خۆتۆمارکردنیش بەردەوامە.
زوحا جبووری گوتیشی، 2024 بۆ عێراق ساڵی کانزاکارییە. عێراق ژمارەیەک مادەی خاوی ئەو بوارەی هەیە و بۆ یەکەمجار دەرفەتی وەبەرهێنان لەو بوارە دەرەخسێنێت. باشترین ئۆفەرەکانیش هەڵدەبژێردرێن.
لەبارەی شێوازی کارکردنی وەزارەتەکەشیانەوە جبووری گوتی، وەزارەتی پیشەسازیی کار بە یاسای وەبەرهێنان ناکات، بەڵکو کار بە یاسای هاوبەشی دەکات.
ئەو یاسایە رێگە بە وەزارەتەکە دەدات هاوبەشیی راستەقینە لەگەڵ کەرتی تایبەت بکات. "لە ماوەی دواییدا هەوڵیان داوە باشترین هاوبەشی ئەزمووندار هەڵبژێرین."
وەک گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازیی عێراق گوتی، هاوئاهەنگی لە نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت بۆ بەشداریکردنی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و، کۆمپانیا کوردییەکان دەتوانن دەستیان بە هەموو پڕۆژەکان بگات.
گوتیشی، هەموو کانزا و مادە خاوەکان سامانن و ئەم ساڵ دەرفەتی وەبەرهێنانیان تێدا دەڕەخسێندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ