لە جۆلەمێرگ 'باشترین جۆری ژەهری هەنگ' بەرهەمدەهێنرێت

23-09-2022
شەوکەت هەرکی
شەوکەت هەرکی
ژەهری مێش
ژەهری مێش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەرچەندە ئامارێکی فەرمی و دروست لەبەردەستدا نییە، بەڵام ساڵانە لە هەرێمی جۆلەمێرگی باکووری کوردستان قەبارەیەکی زۆری هەنگوین بەرهەمدەهێندرێت. ئەوە لەکاتێکدایە کە بەشێک لە هەنگەوانان دەستیان داوەتە بەرهەمێنانی ژەهری هەنگ کە بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی زانکۆیەکی تورکی و ئەڵمانی، لە باشترین جۆرەکانی سەر ئاستی تورکیایە.
 
هەجەر و باوکی رۆژانە 20 کیلۆمەتر دەبڕن تاوەکو دەگەنە نێو ئەو گوندەی کە کێڵگەی هەنگەکەیان لێیە، ئەوان ساڵانە بە قەبارەیەکی زۆر بەرهەمی هەنگوینیان بە هەموو جۆرەکانەوە هەیە و لە بازاڕەکاندا دەیانفرۆشن، بەڵام ئەمساڵ جیاواز لەوە لە هەوڵدان کە ژەهری هەنگیش بەرهەم بهێنن و ئیدی وەکو بەرهەمێکی دیکەی مێشی هەنگ بیفرۆشن.
 
هەجەر، هەنگەوانە و بە رووداوی گوت: "ژەهری مێشی دەڤەری جۆلەمێرگ وەک دەڵێن لە زۆر ناوچەی دیکە باشترە، ئێمەش حەز دەکەین کە ئەم کارە پەرەی پێبدەین و ژەهری مێش بۆ هاوڕێکانمان لە دەرەوە بنێرین، چونکە بۆ دەرمان زۆر قازانجی هەیە."
 
ژەهری مێش ناوە زانستییەکەی "ئەپیتیکسۆن"ـە، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی زانکۆیەکی ئەڵمانیا و تورکیا کە لە 55 هەرێمی وڵاتەکە نموونەی ژهری هەنگ پشکنینی بۆ کراوە، دەرکەوتووە کە ژەهری هەرەباشی هەنگ لەسەر ئاستی تورکیا، ژەهری هەنگی هەرێمی جۆلەمێرگ و ناوچەکانی دەوروبەریەتی.
 
فازڵ دورموش، سەرۆکی یەکێتیی هەنگەوانانی جۆلەمێرگ باسی لەوە کرد، "ساڵی رابردوو چەند پسپۆڕێک لە زانکۆی ئیزمیر هاتن و نزیکەی 20 نموونەیان لە ژەهری هەنگەکانی ئەم سنوورە برد، بەپێی ئەنجامەکە، ژەهری هەرە باش ژەهری هەنگی هەرێمی جۆلەمێرگە، بە پلەی دووەمیش ژەهری هەنگەکانی دەڤەری شرناخ دێن. لە 55 شوێن نموونەیان وەرگرتووە، بەڵام هەرەباشە ژەهری هەنگی هەرێمی جۆلەمێرگ و دواتر شرناخ بوو."
 
سەرۆکی یەکێتیی هەنگەوانانی جۆلەمێرگ روونیکردەوە کە لێرە بەدواوە ئامێری تایبەت بە پشکنین و بەرهەمهێنانی ژەهری هەنگ دەدەنە هەنگەوانان و داواشی کرد کە هەر هەنگەوانێک بیەوێت ئەو بەرهەمە نوێیەی مێشی هەبێت، با ناوی خۆی تۆمار بکات بۆ ئەوەی ئەو ئامێرە تایبەتەی پێبدەن.
 
بۆ بەرهەمهێنانی ژەهری هەنگ، لە نێو کورەی هەنگەکان ئامێرێکی تایبەت دادەنرێت و هەر مێشێک دوای 20 رۆژ لە پێگەیشتنی، دەتوانێت ئەو ژەهرە بەرهەم بهێنێت، بەڵام بە هەزار مێش و لەماوەی نیو کاژێردا، تەنیا دەتوانن یەک گرام ژەهری مێش بەرهەم بهێنن.
 
ئازاد هەرکی، هەنگەوان ئاماژە بەوە دەکات: "بۆ ئێمەش سوودی زۆری دەبێت، چۆن سوودی دەبێت؟ ئەگەر ئەمە [ژەهری مێشی هەنگوین] بۆ ئەو کەسانە بەکاربهێندرێت کە نەخۆشیی گرانیان هەیە، سوودی بۆ هەموولایەکمان دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەو ئامێرە تایبەتانە بهێننە ئێرە ئەوە زۆر زیاتر قازانجی لێ دەکەین."
 
ژەهرەی مێشی هەنگ بۆ دروستکردنی دەرمانی چەندین نەخۆشیی گران بەکاردەهێنرێت. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، یەک گرامی ئەو ژەهرە بە زیاتر لە هەزار و 500 لیرە دەفرۆشرێت (نزیکەی 80 دۆلاری ئەمریکی). هەروەها یەک ئامێری کۆکردنەوەی ئەو ژەهرەش بە نزیکەی 10 هەزار لیرەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە